سەردێڕ:

پلاندانانى عێراق: رێژەى هەڵئاوسانى ساڵانە و مانگانە لە عێراق بەرزبووەتەوە

PM:07:28:25/01/2022

2520 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتى پلاندانانى عێراق، رێژەى هەڵئاوسانى مانگانەى مانگى کانونى یەکەمى رابردوو (مانگی ١٢) و هەڵئاوسانی ساڵانەى ئاشکرا کرد.


بەپێى راگەیاندراوێکى دەزگاى ناوەندیى ئامارى سەر بە وەزارەتى پلاندانان، "رێژەى هەڵئاوسانى مانگى کانونى یەکەمى رابردوو بە بەراورد لەگەڵ مانگى تشرینى دووەمى پێش خۆى بە رێژەى ٠،٣٪ بەرزبووەتەوە."

روونیشیکردووەتەوە، "رێژەى هەڵئاوسانى ساڵانەى مانگى کانونى یەکەمى ساڵى ٢٠٢١ بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەى ساڵى ٢٠٢٠، بەرزبوونەوەیەکى رێژەیى بەخۆیەوە بینیوە، رێژەکەش گەیشتووەتە ٥،٣٪."

دەزگاى ناوەندیى ئامار، لە رێگەى بەشى ژمارە پێوانەییەکانەوە، هەڵدەستێت بە ئامادەکردنى راپۆرتێکى مانگانە بۆ نرخى شمەکى بەکاربراو، کە گۆڕانکارى نرخەکان بەشێوەیەکى مەیدانى لەخۆدەگرێت، هەڵسەنگاندنەکەى بۆ نرخى (٣٣٣) شمەک و خزمەتگوزارى لە هەموو پارێزگاکان لەخۆدەگرێت، کە ئەوەش رێژەى ٪٨٨ی قەبارەى خەرجى گشتى خێزانى عێراقییە، لەسەر شمەک و خزمەتگوزاریییەکان.

دەزگاکە ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، "کۆمەڵەى ئەو شتانەی زۆرترین بەرزبوونەوەى نرخە مانگانەکانى بەخۆیەوە بینیوە، بۆ مانگى کانونى یەکەم بە بەراورد لەگەڵ تشرینى دووەم، لە ساڵى ٢٠٢١دا، لە بەشى نیشتەجێبوون، بەرزبوونەوەیەکەى بەڕێژى ٠،٦٪ بووە، ئەوەش بەهۆى بەرزبوونەوەى ئاو و کارەبا بەڕێژەى ٣،٤٪ و کۆمەڵەى سوتەمەنییەکان بەڕێژەى ٠،٥٪ و کۆمەڵەى کرێیەکان بەڕێژەى ٠،٢٪، هەروەها بەشى فێرکردن بەرزبوونەوەى بەڕێژەى ٤٠٣٪ بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش بەهۆى دەستپێکردنى تۆمارى رسوماتى زانکۆ ناحکومییەکان و باجى خوێندنى ئامادەیى".

لە راپۆرتی دەزگاکەشدا هاتووە، "رێژەی بەرزبوونەوەی بەشى شمەک و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان گەیشتووەتە ٠،٤٪ لە کۆى رێژەى گۆڕانکارى مانگانە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی راپۆرتە جیهانییەکان، رێژەی هەڵئاوسانی لە جیهاندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەرزبووەتەوە و لە ئێستاشدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسەکەوە ئەو رێژەیە رووی لە زیادبوون کردووە.

دیاردەی "هەڵئاوسان" یەكێكە لە كێشە ئابوری ‌و كۆمەڵایەتییەکان، کە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی بژێوی خەڵك‌ و بەرهەمهێنان‌ و رادەی بەرەو پێشچوون ‌و گەشەكردنی ئابوری هەیە. هەڵئاوسان؛ كە بریتییە لە زیادبوونێكی بەردەوام كە لە ئاستی گشتی نرخەكان ڕوودەدات، هەندێك جار زیادبوونی پارە و هەندێك جار زۆری خواست دەبنە هۆی زیادبوونی نرخی كاڵا و خزمەتگوزارییەكان، بەڵام جاری واش هەیە كەمی خستنەڕووی كاڵا و خزمەتگوزاری‌ و زیادبوونی تێچوونی بەرهەمهێنان دەبنە هۆی ئەو هەڵئاوسانە بەبێ ئەوەی (خواست‌و بڕی پارە) گۆڕانكارییان بەسەردا بێت.

 













گەلەری