PM:06:08:25/01/2022
52428 جار خوێندراوەتەوە
لەپرۆسەى نۆژەنکردنەوەى مزگەوتى (نورى) لە موسڵ؛ کە لەکاتی شەڕی داعشدا بەهۆی بۆردوومانەوە رووخا، تیمەکانى گەڕان و پشکنین، مزگەوتە کۆن و راستەقینەکەیان لەژیر مزگەوتە رووخاوەکەدا دۆزییەوە، کە لە چوار هۆڵى نوێژ خوێندن پێکهاتووە و تەمەنى لە ٨٠٠ ساڵ زیاتر دەبێت.
ماڵپەڕە عەرەبییەکان بڵاویانکردووەتەوە، دۆزینەوەکە لەلایەن تیمێکى ٤٠ کەسیی لە زانایانى شوێنەوار و کارگەرانى دەستەى گشتى شوێنەوار و کلتورى عێراق بووە، کە لە شوێنى مزگەوتى (نورى) کاردەکەن. کە کارکردنی ئەو تیمەش لە چوارچێوەى پرۆژەکانی یونسکۆیە بۆ دووبارە ژیاندنەوە و بنیاتنانەوەى مزگەوتەکەیە.
لەبارەى دۆزینەوە
مێژووییە شوێنەوارییەکەوە رێکخراوى یونسکۆ لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "پێکەوە
کار لەسەر زیندووکردنەوەى رۆحى موسڵ دەکەین، یونسکۆ و هەموو هاوکار و پشکدارەکانى
هەرچیمان پێبکرێت لە پێناو گەرەنتى پاراستنى مزگەوتى نورى و نۆژەنکردنەوەیدا ئەنجامى
دەدەین، بەجۆرێک ئەم بینا مێژووییە، کە تەمەنى هەشت سەدە زیاترە، بۆ هەموو دنیا رەخساو
بێت."
مزگەوتی نوری،
یەکێک بوو لە سیمبولەکانی موسڵ و لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٧؛ لەکاتی شەڕی داعش و کۆنتڕۆڵکردنی
شارەکە لەلایەن رێکخراوی چەکداری داعشەوە، بەهۆی بۆردومان و شەڕەوە رووخا؛ لە ساڵی
٢٠١٨شدا بە هاوکاری یونسکۆ و خەرجکردنی پارە لەلایەن دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبییەوە،
دەستکرا بە کارەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی. کە بۆ نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە ٥٠ ملیۆن دۆلاری
ئەمریکی و پێنج ساڵی پێویست دانرابوو.
لە ئێستاشدا و لەکاتی
سەرقاڵبوون بە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکەوە، لە ژێر مزگەوتی نوردا، مزگەوتە
راستەقینەکە دۆزراوەتەوە؛ کە تەمەنی ٨٠٠ ساڵ زیاتر دەبێت.