سەردێڕ:

سەدر: بەم جۆرە نیشتیمان بنیات دەنرێت

PM:04:56:25/01/2022

6000 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر رایگەیاند، "بەردەوامین لە ھەوڵەکانمان بۆ پێکھێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیی و ھێشتا دەرگامان لەبەردەم ھەموواندا کراوەیە"، دەشڵێت، "بەم هەڵوێستانەی دادگای فیدڕاڵی نیشتیمان بنیاد دەنرێت."


پاش بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ رەتکردنەوەی تانەکانی دژ بە نادەستووری بوونی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق؛ موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر تویتێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە.

موقتەدا سەدر نووسیویەتی، "جارێکی دیکە دادگای باڵای فیدراڵی، دەستپاکی و سەربەخۆیی خۆی سەلماند و نەکەوتە ژێر کاریگەریی فشارە سیاسییەکانەوە، سوپاس بۆخوا و سوپاس بۆ دادوەریی عێراقی، بەم ھەڵوێستانە نیشتمان بنیات دەنرێت".

راشیگەیاندووە، "بەردەوامین لە ھەوڵەکانمان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی و ھێشتا دەرگامان لەبەردەم ھەموواندا کرایەوە".

ئەوەشی نووسیوە، "ھەموو لایەک چی ئەوانەی بەشداردەبن لە حکومەت و یان ئەوانەی وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە، برای ئێمەن، تا ئەو کاتەی ھەوڵ بۆ چاکسازیی و شکۆی عێراق دەدەن".

ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تانەکانی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی رەتکردەوە و رایگەیاند، یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران کە تیایدا دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە ھەڵبژێردرا، یاساییە.













گەلەری