سەردێڕ:

دادگای باڵای فیدڕاڵی تانەی دژ بە نادەستوری بوونی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی رەتکردەوە

PM:01:25:25/01/2022

9396 جار خوێندراوەتەوە

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بڕیاری تانەی نادەستوری بوونی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی رەتکردەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دانیشتنی خۆی بە ئامانجی تێڕوانین لە تانەکانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان ساز کرد و تیایدا بڕیاری تانەی نادەستوری بوونی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی رەتکردەوە.

دوای ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، یەکەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان لە ٩ی ئەم مانگە ئەنجام درا و تیایدا، محەمەد حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمان و حاکم زاملی لە فراکسیۆنی سەدر بە جێگری یەکەم و شاخەوان عەبدوڵا لە فراکسیۆنی پارتی بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردران.

دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، باسم خەزعەل خەشان ئەندامی سەربەخۆ لە پەرلەمان بە پاساوی ئەوەی کە دانیشتنەکە و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی نایاسایی بوون سکاڵای لە دادگا تۆمارکرد.

لە ١٣ی ١دا، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا، کارەکانی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمان بەشێوەیەکی کاتی، رابگرێت.

لە ١٩ی ١دا، دادگای باڵای فیدراڵی دانیشتنی تێڕوانینی لە تانەکانی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەنجامدا، بەڵام بڕیاردانی لەبارەی تانەکانەوە بۆ ئەمڕۆ دواخست و بڕیاری یاسایی بوونی دانیشتنەکەیدا. 

پێویستە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەر لە ٨ی شوباتی ٢٠٢٢، ئەو تانانە یەکلایی بکاتەوە کە لەبارەی نادەستووری بوونی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان تۆمار کراون، چونکە بەگوێرەی خاڵی/ب لە بڕگەی دووەم لە ماددەی ٧٢ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆک کۆمار لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی پێ بدرێت.

 













گەلەری