سەردێڕ:

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی تانەکانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان کۆدەبێتەوە

AM:10:46:25/01/2022

4644 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دانیشتنی تێڕوانین لە تانەکانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان ساز بکات.


ئەمڕۆ سێشەممە، بڕیارە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دانیشتنی خۆی بە ئامانجی تێڕوانین لە تانەکانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان ساز بکات.

دوای ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، یەکەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان لە ٩ی ئەم مانگە ئەنجام درا و تیایدا، محەمەد حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمان و حاکم زاملی لە فراکسیۆنی سەدر بە جێگری یەکەم و شاخەوان عەبدوڵا لە فراکسیۆنی پارتی  بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردران.

دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، باسم خەزعەل خەشان ئەندامی سەربەخۆ لە پەرلەمان بە پاساوی ئەوەی کە دانیشتنەکە و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی نایاسایی بوون سکاڵای لە دادگا تۆمارکرد.

لە ١٣ی ١دا، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا، کارەکانی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمان بەشێوەیەکی کاتی، رابگرێت.

لە ١٩ی ١دا، دادگای باڵای فیدراڵی دانیشتنی تێڕوانینی لە تانەکانی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەنجامدا، بەڵام بڕیاردانی لەبارەی تانەکانەوە بۆ ئەمڕۆ دواخست.

پێویستە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەر لە ٨ی شوباتی ٢٠٢٢، ئەو تانانە یەکلایی بکاتەوە کە لەبارەی نادەستووری بوونی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان تۆمار کراون، چونکە بەگوێرەی خاڵی/ب لە بڕگەی دووەم لە ماددەی ٧٢ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆک کۆمار لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی پێ بدرێت.













گەلەری