سەردێڕ:

ئەمریکا و ئێران باس لە ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەخۆی نێوانیان دەکەن

AM:09:57:25/01/2022

2924 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا رایگەیاند، ئامادەیە بە شێوەی راستەوخۆ و بەپەلە دانوستان لەگەڵ ئێران بکات لەبارەی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نێوانیان. ئێرانیش دەڵێت، " ئامادەیە بیر لە ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ بکاتەوە لەگەڵ ئەمەریکادا، بەڵام بڕیارێکی لەو جۆرەیان نەداوە".


نید برایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان ئامادەن بەشێوەیەکی راستەوخۆ و گفتوگۆ لەگەڵ ئێران لەبارەی دانوستانەکانیان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و گەڕانەوە بۆ رێکەوتنی ئەتۆمی نێوان دوو وڵات بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، بەردەوام ئەوان لەو باوەڕەدابوون کە گفتوگۆی راستەوخۆی نێوانیان کاریگەری زیاتر دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی دۆسیەکە.

نید برایس دەشڵێت، گفتوگۆی راستەوخۆ کاریگەری زیاتر و خێراتریشی دەبێت، ئەمەش بە ئامانجی خێر گەیشتن بە لێکتێگەیشتنە لەبارەی گەڕانەوەی هەردوولا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نێوانیان.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، "ئەمریکا ئامادەیە بەشێوەیەکی راستەوخۆ و بەپەلە گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا بکات."

لەلایەن خۆیەوە حوسەین ئەمیر عەبدوللیهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، " ئەو هەواڵانەی کە گوایە ئێران و ئەمەریکا ڕاستەوخۆ گفتوگۆ دەکەن ڕاست نین. بەڵام ئەگەر بگەینە قۆناغێک کە تیایدا گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی باش پێویستی بە گفتوگۆی راستەوخۆ بێت لەگەڵ ئەمەریکادا و بە گرەنتییەوە بێت، ئەوا بیری لێدەکەینەوە."

ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتەکەی ئامادەیە بیر لە ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ بکاتەوە لەگەڵ ئەمەریکادا، لەکاتێکدا ئەگەر هەست بکات گفتوگۆکان ئەنجامێکی باشیان لێدەکەوێتەوە. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە نەدراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای زیاتر لە دەیان ساڵ لە ناکۆکییەکانیان، دواجار لە ١٤ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٥ ئێران و ئەمریکا بە بەشداری کۆمەڵەی 5+1 رێککەوتنییان لەبارەی کەمکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بەرامبەر هەڵگرتنی سزا سیاسی و ئابورییەکانی سەر ئەو وڵاتە بەشێوەی پلەبەندی لەلایەن ئەمریکاوە واژۆکرد، بەڵام لە ٨ی ئایاری ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەشێوەی تاک لایەنانە لە رێککەوتنەکە کشایەوە. لەکاتی هەڵمەتی بانگشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و کاندیدی ئەوکاتی دیموکراتەکان بەڵێنیدا جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنەکە. لەبەرامبەردا ئێران پێشوازی لە بانگەشەکرد، بەڵام بەمەرجی هەڵگرتنی سەرجەم سزا سەپێنراوەکان. لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ گفتوگۆی ناراستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران بەئامانجی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بە نێوەندیگیری بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و روسیا و چین دەستی پێکردەوە و تا ئێستاش بەردەوامە.













گەلەری