سەردێڕ:

پارتی و یەکێتی لێدوانی دژ بەیەک لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە دەدەن

PM:09:01:24/01/2022

3968 جار خوێندراوەتەوە

تاوەکو ئێستا ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە بەردەوامە و ئەو دوو حزبە لێدوانی دژ بەیەک دەدەن، پارتی دەڵێت ئەو پۆستە تەنها موڵکی یەکێتی نییە و یەکێتیش دەڵێت، "ئێمە بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێم قسەمان نەکردووە دەبێت پارتیش هیچ نەڵێت."


لە بەرنامەی تاوتوێی ئەمڕۆی ئێن ئاڕ تیدا تایبەت بە ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار؛هەریەک لە رێزان شێخ دلێر و دانا جەزا ئەندامانی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لە یەکێتی و پارتی بەشدار بوون.

لەوبارەیەوە دانا جەزا باسی لە بەیاننامەکەی ئەمڕۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کرد لەبارەی رێککەوتنی ئەو دوو حزبە و وتی، کە بەیاننامەکەی یەکیتی توند بوو، لە وەڵامیشدا رێزان شێخ دلێر باسی لەوەکرد، کە دڵیان گەرم بووە ئەو کاتە.

دانا جەزا باسی لەوەکرد، پۆستی سەرۆک کۆماری موڵکی یەکێتی نییە بەتەنها و نوێنەرانی یەکێتی توانای بڕیاردانیان نییە، لە بەرامبەریشدا نوێنەرەکەی پێشووی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق وتی،پارتی تاکڕەوانە کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەشکردووە.

رێزان شێخ دلێر باسی لەوەکرد، "کاندیدی ئێمە بۆ پۆستی سەرۆک بەرهەم ساڵحە و هەموو هەوڵێک دەدەین بەرهەم ساڵح بکەین بە سەرۆک کۆمار."

دانا جەزا ئەوەی خستەڕوو، "پارتی خوازیاری ئەوە نەبوو ناکۆکییەکان بگات بەم ئاستە و یەکێتی دەنگی نەدا بە کاندیدەکەی پارتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان"، وتیشی، "کاندیدکردنی هۆشیار زێباری بۆ دژایەتیکردنی بەرهەم ساڵح نییە." رێزان شێخ دلێریش دەڵێت، "پێش ئەوەی بچینە کۆبوونەوە پارتی رێککەوتنی سیاسی هەبوو لەگەڵ شیعە."

روونیشیکردەوە، "پارتی بە فەرمی ڤیتۆی لەسەر بەرهەم ساڵح نییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئێمە چۆن قسەمان نەکرد کە مەسرور بارزانی کرایە سەرۆکی حکومەت نابێت پارتیش قسەی هەبێت بۆ بەرهەم ساڵح دەکەین بە سەرۆک کۆمار."

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە مانگی ١٠ی ساڵی رابردوودا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو و لە ناوەڕاستی ئەم مانگەش یەکەم دانیشتنی پەرلەمان ئەنجامدرا، هاوکات، تاوەکو ئەم ساتە یەکێتی و پارتی رێکنەکەوتوون لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کە لە ساڵانی رابردوودا ئەو پۆستە لەلای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بووە. بۆ ئەم خولەش؛ هەریەکە لە پارتی و یەکێتی کاندیدی سەربەخۆی خۆیان هەیە.













گەلەری