سەردێڕ:

لە کاتی سەرمادا چۆن خۆت لە زیادبوونی ئازاری ماسولکە و جومگە دەپارێزیت؟

PM:03:32:24/01/2022

4432 جار خوێندراوەتەوە

هەڤین کەمال شا پسپۆڕی زانستی ئازار و بەنج ئاشکرایکردووە، لەکاتی هەستکردن بە سەرما و لە کەشی زستاندا پێویستە جلوبەرگی زیاتر بپۆشن و ماوەیەکی زۆر لە کەشی سارددا نەمێننە، بەو جۆرە لە ئازاری جومگە و ماسولکە بەدوردەبن.


ئەو پسپۆرە کۆمەڵێک زانیاری خستووەتە روو بۆ ئەوەی لە کاتی سەرما و زستاندا ئازار لە جومگە و ماسولکەکان دروست نەبن، ئەوانیش:

یەکەم: پێویستە جلوبەرگی زیاتر لەبەربکەیت و خۆت گەرم داپۆشیت بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە ئازاریان تیادایە، بۆ نموونە ئەگەر سەرئێشەت لەگەڵ بوو، باشترە لەوەرزی زستاندا کڵاو یان لەچک بەکاربێنیت، ئەو جومگانەی ئازاریان تیادایە بە باندج بیبەستە.

دووەم: لەکاتی سەرما و بەفری زۆردا، کاتێکی زۆر لە دەرەوە مەمێنەرەوە، ئەگەر گونجاو ھەوڵبدە لە ڕۆژی ساردا زیاتر لە ژوورەوە کاتەکانت بەسەر بەریت.

سێیەم: پێش چوونە ناو ئۆتۆمبێلەوە نیو کاتژمێر پێشتر ناو ئۆتۆمبێلەکەت گەرمبکە، بۆ ئەوەی ئازار لە سەرەتایی ڕۆژەکەوە دەست پێنەکات.

چوارەم: ھەوڵبدە ھەمیشە لەجوڵەدا بیت، بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو جێگاکەتدا مەمێنەرەوە، بۆئەوەی جومگەکانت ڕەق و سست نەبن.

پێنجەم: ئەو خۆراکانە بخۆ کە دژە ھەوکردن و دژە ئازاریان تیادایە وەکو : زەنجەفیل، بیبەری توونی سوور، زەردەچەوە، نەعنا، زەیتی زەیتون، برۆکلی، سیر، پیاز، شیلک، بێرییەکان (گۆڵدن بێری، بلو بێری ، گێلاس، توتڕک)، شیرەمەنییەکان کە ڕێژەی ڤیتامین دی و کالسیۆمیان زۆرە، چەرەزات کە ڕێژەی ئۆمێگا سێیان زۆرە .

شەشەم: دوورکەوەرەوە لەخواردنی فاست فود و موعەلەب کە ماددەی پارێز و نیتراتی تیادایە، هەوڵبدە خواردنی ماڵەوە و شۆربا گەرمەکان بخۆیت.

حەوتەم: خۆت دووربگرە لە وشکبوونەوە، ئەویش بە خواردنەوەی بڕی تەواوی ئاو لەڕۆژەکەدا، ئەوەی دیارە لەکاتی سەرمادا مرۆڤ کەمتر تینووی دەبێت و کەمتر ئاو دەخواتەوە، بۆیە دەبێت بەلایەنی کەمەوە، لەڕۆژێکدا ١٢ پەرداخ ئاو بخۆیت، دەشتوانیت بەشێوەی شەربەت یاخود خواردنەوە گەرمەکان وەکو چای ڕووەکی، چونکە وشکبوونەوەی جەستە کاریگەرییەکی زۆری ھەیە لەسەر دروستبوونی ئازار .

هەشتەم: دوورکەوتنەوە لەخواردنەوەی چا، یاخود قاوە بەڕێژەیەکی زۆر، لەڕۆژێکدا تەنیا سێ کوپ قاوە و پێنج پیاڵە چا دەتوانیت بخۆیت لەبەر ئەو کافایینەی کە لەناویدا ھەیە و بەڕێژەیەکی زۆر ئازار دروست دەکات، باشترە بیکەیت بەو خواردنەوە گەرمانەی دژە ھەوکردنیان تیادایە وەکو چای سەوز، چای گوڵە بەیبوون، چای دارچینی .

نۆیەم: دەتوانیت لەکاتی بوونی ئازار ڤیتامین دی و کالسیۆم بە شێوەی حەب بەکاربهێنیت.

دەیەم: ئاگاداری کێشت بە و مەھێڵە بە ھیچ شێوەیەک کێشت زیاد بکات .

هەڤین کەمال ئاشکرایکردووە لەکاتی دروستبوونی ئازار بەھۆی سەرماوە ئەم کارانە بکرێن:

یەکەم: پێویستە پێش ھەموو شتێک خۆت گەرمبکەیتەوە، دەتوانیت گەرماوێکی گەرم بکەیت یان ئەگەر ساونا بەردەست بێت، ھەر نەبوو جەوەنەی گەرم بەکاربهێنیت .

دووەم: دەتوانیت بەشیوەی بازنەی مەساج "شێلان" بۆ شوێنی ئازارەکە بکەیت، ئەو کرێمانە بەکاربهێنیت کە گەرمکەرەوەن، نموونە زەیتی زەنجەفیل، جێڵی گوڵە ئەرنێکا، ئەمانە ھەمووی ئازار کەمدەکەنەوە .

سێیەم: دەتوانیت دەرمانی ئازارشکێن و ماسولکە خاوکەرەوە بەکاربهێنیت .

چوارەم: لەکاتی ئازاری زۆردا، بۆ وەرگرتنی چارەسەر راوێژ بە پزیشک بکە.

ئ.ل













گەلەری