سەردێڕ:

جارێکی دیکە حوسییەکان هێرشی موشەکییان کردە سەر ئیمارات و سعودیە

PM:01:58:24/01/2022

5044 جار خوێندراوەتەوە

چەکدارانی حوسی رایانگەیاند، بە موشەکی بالیستی هێرشیان بۆ ناو قوڵایی ئیمارات و سعودیە ئەنجامداوە، ئیماراتیش دەڵێت، بەرپەرچی موشەکەکانیان داوەتەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازی چەکدارە حوسیەکانی یەمەن راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بە موشەکی بالیستی هێرشییان کردووەتە سەر بنکەی فڕۆکەوانی زەفرە لە شاری ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات و چەند پێگەیەکی زیندووی ئەو وڵاتە.

ئاماژەی بەوەشداوە، هێرشیکی دیکەیان بە موشەکی بالیستی و درۆنی پێشکەوتوو بۆ قوڵاییەکانی سعودیە لە ناوچەکانی ڤازان و عەسیر و چەند ناوچەیەکی دیکە ئەنجامداوە و هەڕەشەی فراوانکردنی پرۆسەکانیان دەکەن.

لەلایەن خۆیەوە، وەزارەتی بەرگری ئیمارات ئاشکرایکرد، سیستمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی توانیویەتی لە ئاسمانی شاری ئەبوزەبی دوو موشەکی بالیستی حوسییەکان تێکبشکێنن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمڕۆ چەکدارە حوسییەکان بە موشەکی بالیستی هێرشییان کردووەتە سەر ئەبوزەبی و دوو موشەکییان ئاڕاستەی ئەو وڵاتە کردووە.

وەزارەتی بەرگری ئیمارات ئەوەشی وتووە، لە ئەنجامی هێرشەکە هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە و لەکاتی بەرپەرچدانەوەی موشەکەکان لە ئاسمانی ئەو وڵاتە تەقێندراونەتەوە و پارچەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە کەوتوونەتە خوارەوە.

دوێنێ یەکشەممە، حکومەتی سعودیە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی حوسییەکان بۆ سەرناوچەی جازان لە باشوری ئەو وڵاتە بە موشەکی بالیستی دوو کەس برینداربوون.

هەفتەی رابردوو، چەکدارە حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، بە موشەک و درۆن هێرشێکیان بۆ سەر شاری ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات ئەنجامداوە و بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون.













گەلەری