سەردێڕ:

وەزارەتێکی دیکەی هەرێم وەگرتنی ڤاکسینی کردە ناچاری

PM:12:33:24/01/2022

18628 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم رایگەیاند، لە رێکەوتى ١ی ٢ی ٢٠٢٢ بەدواوە ئەگەر هاوڵاتییان لەکاتى سەردانیان بۆ وەزارەت کارتى وەرگرتنى ڤاکسینیان پێنەبێت رێگەیان پێنادرێت سەردانى وەزارەت بکەن بۆ رایکردنى مامەڵەکانیان.


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لەرێکەوتى ١ی ٢ی ٢٠٢٢ بەدواوە پێویستە هاوڵاتییان لەکاتى سەردانیان بۆ وەزارەت کارتى وەرگرتنى ڤاکسینیان پێبێت، بەپێچەوانەوە رێگەیان پێنادرێت سەردانى وەزارەت بکەن بۆ رایکردنى مامەڵەکانیان.

ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی هەرێم لە گشتاندنێکدا بەژمارە ١٣٨٨ لە رێکەوتى ٢٣ی ١ی ٢٠٢٢ چەند بڕیارێکى بۆ پاراستنی سەلامەتى گیانی ھاوڵاتییان و فەرمانبەران و مامۆستایان لە دامودەزگاکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرکرد. بەگوێرەی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم:

یەکەم: ئەو فەرمانبەرانەى دیوانى وەزارەت کە ڤاکسینى دژە کۆرۆنایان وەرگرتووە، پێویستە تاکو رۆژى پێنجشەمە رێکەوتى ٢٧ی ١ی ٢٠٢٢ وێنەیەک لە ناسنامە یاخود کارتى وەرگرتنى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا، بۆ دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى/ بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى لە دیوانى وەزارەت بنێرن.

دووەم: ئەو فەرمانبەرانەى دیوانى وەزارەت ڤاکسینى دژە کۆرۆنایان وەرنەگرتوە، بەبێ پشکنینی کۆرۆنا کە ٤٨ کاتژمێر بەسەردا تێپەڕنەبوبێت، رێگەى پێنادرێت بێتە دەوام و لە رۆژى دەرچونى ئەم نوسراوەوە بەنەهاتوو هەژمار دەکرێت.

سێیەم: لە دواى رێکەوتى ١ی ٢ی ٢٠٢٢ بەدواوە هیچ کەسێک رێگەى پێ نادرێت سەردانى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بکات بەبێ هەبونى کارتى ڤاکسین یان ئەنجامدانى پشکنینی کۆرۆنا کە ٤٨ کاتژمێر بەسەریدا تێپەڕنەبوبێت.

لەکۆتایی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، لەلایەن تیمى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستی و سەلامەتى لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راستاندن بۆ بەڵگەنامەکان دەکرێت ئەگەر ڤاکسینى وەرنەگرتبێت رێگەیان پێ نادرێت بێنە ناو دیوانی وەزارەت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لە ئاگادارییەکدا ئاشکرای کرد، لە دوای ٢٠ی ١ی ٢٠٢٢ەوە هەر پێشمەرگەیەک ڤاکسینی وەرنەگرتبێت لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت و موچەکانیان رادەگیرێت.













گەلەری