سەردێڕ:

لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە؛ ئێران چی بە کورد وتووە؟

AM:09:56:24/01/2022

34304 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ئاشکرای کرد، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بە سەرکردایەتی کوردی راگەیاندووە نابێت کورد ببێتە لایەنگری لایەنێکی شیعە بۆ دروستکردنی زۆرینەیەک بۆ دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و پێکهێنانی حکومەت. دەشڵێت، "ترس هەیە بمانگەڕێننەوە بۆ رووداوەکانی دوای ریفراندۆم".


نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند، " ئێران لە پێش هەڵبژاردن و لە نوێترین پەیامیشدا، پەیامی داوە بە سەرۆکی حکومەت و لایەنە سیاسیەکان ئەگەر بیانەوێت بە رێگایەک لە رێگاکان هەژموونی ئێران لە عێراق کەمبکەنەوە یان نەهێڵن، بە ناوی زۆرینەوە لایەنێک وەدەرنێن، پەیامەکە روونە کە نابێت ئێمەی کورد ببینە هۆی لێکترازانی ماڵی شیعە".

ئاماژەی بەوەشدا، "ئەوەی گرنگە بۆ ئێستای کوردی یەکڕیزی نێوماڵی کوردییە، نەبینە لایەنگری هیچ لایەنێکی تر".

دەشڵێت، ئەو خۆی ترسی لەوە هەیە هەندێک سیاسەت لە عێراقدا کورد بگەڕێنێتەوە بۆ شێوازێک لەو رووداوانەی لە کاتی ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم بینران، چونکە ئەوانەی هەندێکجار کە پشتیوانی لە کورد یان لە شیعە دەکەن رەنگە بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی سوننە بێت.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا دژەکانی ناو سوننە زۆر بە ئاسانی یەکیان گرتووەتەوە، بۆیە ئێران بۆی هەیە ئەمە بە پیلانێک بزانێت بۆ تێکدانی نێوماڵی شیعە، چونکە لە بەشی زۆرینەی دەسەڵاتیان دەردەهێنێت بۆ دەسەڵاتدارێتی لە حوکم.

لە بارەی پەیامی هۆشداری ئێرانی بە لایەنە کوردییەکان کە نەبنە هۆی لەتبوونی ماڵی شیعە، نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ئاشکرای کرد، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران چەند مانگ پێش ئێستا سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد و پەیامی دا بە لایەنە کوردییەکان کە نابێت کورد ببێتە لایەنگری لایەنێکی شیعە بۆ دروستکردنی زۆرینەیەک بۆ دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و پێکهێنانی حکومەت.

ئەوەشی خستەڕوو، "ئیسماعیل قائانی لە نوێترین پەیامیشیدا داوای کردووە کورد لە رێگای سازانەوە کێشەکانی خۆیان چارەسەربکەن و نەبنە لایەنگر بە ناوی زۆرینەوە لایەنێک وەدەرنێن، پەیامەکە روونە کە نابێت ئێمەی کورد ببینە هۆی لێکترازانی ماڵی شیعە".

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران وتیشی، ئێرانییەکان دوژمنەکانیان بە لبات سەردەبڕن، واتە وای لێدەکات ئازاریشییان نەبێت و تووشی شکستیشیان بکات.

لەبارەی ئەوەی ئەگەر کورد بەگوێی ئێران نەکات، ئەو وڵاتە وەڵاتی دەبێت، نازم دەباغ ئاشکرای کرد، " من نازانم ئێران چی دەکات، بەڵام لە رێگای شاندەکانیانەوە راستەوخۆ بە لایەنە سیاسیەکان و سەرۆکی حکومەتیان وتووە، ئەمەی کە دەیکات دەبێت چاوەڕوان بین چی دەکات، بۆی هەیە هیچیش نەکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە شتێک لە زیانی ئێران بێت، وە بیانەوێت بە رێگایەک لە رێگاکان هەژموونی ئێران لە عێراق کەمبکرێتەوە یان نەهێڵرێت وە هێز و تواناکەی کە شیعەیە لە عێراق پەرش و بڵاوی بکەین، ئێران بەرپەرچ دانەوەی دەبێت، ئیتر ئەو بەرپەرچ دانەوەیە، سیاسی بێت، سەربازی بێت یاخود ئابوری".

هەروەها، لەبارەی پشتگیری کردنی ئێران لە کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ئاماژەی بەوەدا، ئێران پشتگیری لە کاندیدی یەکڕیزی کورد دەکات، وە هەروەها پشتگیریش لەو کاندیدە دەکات کە گەلی عێراق دەیەوێت. ئەوەی هەستی پێدەکرێت ئێستا ئێران لەگەڵ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتیە لەسەر بابەتی سەرۆک کۆمار، بەڵام بە پاراستنی مافەکانی یەکێتی.













گەلەری