سەردێڕ:

وەزارەتی پێشمەرگە: داعش مەترسیە لەسەر ناوچەكە

AM:09:15:24/01/2022

3640 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی هەر ماوە و پڕنەكراونەتەوە. دەشڵێت، "هەماهەنگی بەردەوام و ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە".


جەبار یاوەر ئەمنینداری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، ، بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی هەر ماوە و پڕنەكراونەتەوە.

ئاماژی بەوەشدا، بڕیار وابوو كە دوو لیوای هاوبەشی تێكەڵاو لە پێشمەرگە و سوپای عێراقی دابمەزرێن، بەڵام هێشتا هەنگاوە كۆتاییەكان ماون بەس هەماهەنگی بەردەوام و ئۆپراسیۆنی هاوبەش هەیە.

لەبارەی شێوازی ئەنجامدانی چالاکییەکانی چەکدارانی داعشەوە، ئەمیندار وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی خستەڕوو، داعش شێوازی چالاکییەکانی خۆی گۆڕیوە، ئێستا وەكو گرووپی بچووك بچووك كردەوەکانی ئەنجام دەدات.

دەشڵێت، لەزۆربەی ئەو ناوچانەی كە لێ بووە ئێستاش هەر ماوە وەكو عێراق، سوریا، یەمەن، ئەڤغانستان، میسر و لیبیا و وڵاتانی ئەوروپا ئیشی خۆی دەكات و لە سوشیاڵ میدیا بیری توندڕەوی خۆی بڵاودەكاتەوە.

جەبار وتیشی، "تا ئێستا داعش مەترسیە لەسەر ناوچەكە، بینیمان پێش دوو رۆژ توانی پەلاماری بنكەیەكی عێراقی بدات و یازدە كەس لەو بنكەیە بكوژێت و جگە لەوەش پەلاماری زیندانی غوێرانی داوە لە ناوچەی حەسەكە و ئێستاش لەوێ هەر بەردەوامن لە شەڕ و مەترسیەكە بەردەوامە".

لەبارەی ئاماری ئێستای چەكدارانی داعش لە عێراق و ناوچە جێناكوكانی نێوان هەرێم و عێراق، جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا، "كەس ناتوانێت ژمارەی ئێستای چەكدارانی داعش دیاری بكات، چونكە ئەوان پشت بە شانە نوستوەكان و گرووپی زۆر بچووك بچووك دەبەستن و لە هیچ ناوچەیەك جێگیرنابێت بەردەوام لە گەڕاندایە و هەوڵ دەدات بگەرێت و شوێنێكی لاواز بدوزێتەوە لە ناو پێگەكانی هێزەكانی سوپای عێراق و پێشمەرگە یان لە سوریا و ناوچەكانی تر بۆ ئەوەی پەلاماریان بدات یان بەشێوازی كەمین و قەناس لە دوورەوە یان بەدانانەوەی مین و خۆتەقاندنەوە لەو ناوچانە".

باسی لەوەشکرد، داعش تەنها لەقەرەچۆغ نین لە زۆربەی ئەو ناوچانەن كە بۆشایی لەنێوانی دابەشبوونی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچەی خانەقینەوە لەسەر سنوری ئێران تاوەكو ناوچەی سحێلا لەسەر سنوری سوریا كە نزیكەی ٥٦٠ كیلۆمەترە، جگە لەوەش لە هەندێك ناوچەی دەوروبەری بەغدا و ئەنبار و ناوچەی نزیك موسل و سوریا هەن، بەڵام ژمارەیان دیاریكراو نییە و خۆیان گونجاندووە لەگەڵ ئەم شێوازە نهێنیە بە گرووپی بچووك هەوڵ دەدەن كارەکانیان ئەنجام بدەن و پشت دەبەستن بەو كەمپانەش كە كەسوكاری داعشی تێدایە لەسەر سنوری سوریا - عێراق و لەسەر سنوری سوریا - ناوچەكانی ئوردن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیانکردە سەر یەکێک لە سریەکانی فیرقەی یەکی سوپای عێراق لە ناحیەی عوزێمی سەر بە قەزای خاڵس و بەوهۆیەوە ١٠ سەربازی سوپای عێراق و ئەفسەرێک کوژران.

هەروەها، شەوی ٢٠ ئەم مانگە، ژماره‌یه‌ک چەکدارى داعش ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان له‌به‌رده‌م زیندانی غوێران لە حەسەکە تەقاندەوە، دواتریش روبه‌ڕوی ئاسایشی و پاسه‌وانی زیندانه‌كەش‌ بونه‌وه،‌ بەو هۆیەشەوە بەشێک لە زیندانییە داعشەکان هەڵاتن و تا ئێستاش دەیان کەس کوژراون و هەزاران کەسیش ئاوارەبوون.













گەلەری