سەردێڕ:

سەرۆکی حکومەت و وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ لەبارەی جموجوڵەکانی داعشەوە کۆبوونەوە

PM:01:59:23/01/2022

2104 جار خوێندراوەتەوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ لەبارەی دەستپێکردنەوەی جموجوڵەکانی گروپی چەکداری داعش کۆبووەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە و دوايين گۆڕانکارییەکانی عێراق و سوریا تایبەت بە پەرەسەندنی هەڕەشەکانی جيکدارانی داعشیان تاوتوێ کردووە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت توندترکردن و باشترکردنی رێکارەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هەڕەشەی داعش لەگەڵ وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ تاوتوێکرد.

هەروەها، باس لە نیگەرانییەکان لەبارەی زیاتربوونی هێرش و پەلامارەکانی چەکدارانی داعش لە عێراق و سوریا دەربڕی و جەختییان لە گرنگی بەهێزترکردنی هێڵەکانی بەرگری و توندترکردنی رێکارەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هەڕەشەی داعش کردەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، حکومەتی هەرێم پێویستە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لەپەیوەندی بەهێز و بەردەوامدابن لەپێناو رووبەڕوبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، هێرشکرایە سەر بەندیخانەى گوێران لە حەسەکەى رۆژئاوای کوردستان و بەهۆیەوە چەند ئەندامانێکی داعش هەڵهاتن و تا ئێستا شەر لە نێوان گروپی چەکداری داعش و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامە و بەشێک لە هەڵهاتووەکان دەستگیرکراونەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە مانگێکە جموجۆڵی چەکدارانی داعش لەسنوری هەردوو وڵاتی سوریا و عێراق دەستیپێکردووەتەوە و چەندین جار هێرشیان کردووەتەوە سەر هێزەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان و کۆتا هێرشیان بەرەبەیانی دوێنێ بوو بۆ سەر بنکەیەکی سوپای عێراق و بەهۆیەوە ١١ سەرباز کوژران.













گەلەری