سەردێڕ:

وردەکاری هێرشەکەی داعش بۆ سەر گرتوخانەکەی حەسەکە

PM:04:38:22/01/2022

8668 جار خوێندراوەتەوە

شەوی ٢٠ی ئەم مانگە چەکدارانی داعش هێرشێکیان کردە سەر گرتوخانەی غوێران لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، زیندانەکە نزیکەی چوار هەزار داعشی دەستگیرکراوی تێدایە.


ئاژانسی دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە نزیکەی هەشتی ئێوارە بە کاتی قامیشلۆ بە ژمارەیەک تەقینەوە دەستیپێکردوە و لە کاتێكدا بووە لە ناو زیندانەکەدا شەڕو پێکدادان روویداوە.

باسی لەوەشکردووە، سەرەتا ئۆتۆمبێلێکی سوتەمەنی لەلایەن چەکدارەکانەوە کراوەتە ئامانج و تەقێندراوەتەوە، پاشان ماتۆرسکیلێک لە تەنیشت دیواری گرتووخانەکە تەقێنرایەوە و ئۆتۆمبێلێکی بۆمب ڕێژکراویش لە هەمان کاتدا تەقییەوە.

هاوکاتی تەقینەوەکان ژمارەیەک لە چەکدرای داعش کە لە گەڕەکەکانی نزیک گرتووخانەکە خۆیان حەشاردابوو لە ناو ماڵەکان هاتنە دەرەوە و هێرشیان کردە سەر زیندانیەکە.

بەپیێ هەندیک زانیاری کە پشتڕاست نەکراونەتەوە، ژمارەی چەکدارەکانی داعش کە هێرشیان کردووە گەیشتۆتە نزیکەی ٥٠ چەکدار.

دوای تەقینەوەکان و دەست پێکردنی شەڕ، زیندانیانی داعش لەناو گرتووخانەکەش گرژی و ئاڵۆزییان دروستکرد و گڕیان لە پەتوو و جلوبەرگەکان بەردابوو تا دووکەڵ زیاد بکەن. لەو کاتەدا ژمارەیەک لە زیندانییەکان توانیبویان دەبچن و بڕۆنە حەوشەی گرتووخانەکە.

فەرهاد شامی بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ١١٠ کەس کە هەوڵی هەڵاتنیان دابوو دەستگیرکراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ زیندانەکە.

دوابەدوای تەقینەوەکان و دەستپێکردنی هێرشەکان، هێزەکانی هەسەدە و هێزی ئاسایشی ناوخۆ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە رووبەڕووی چەکدارە داعشەکان بوونەوە.

فەرهاد شامی بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک "ئەوان هێزەکانی پشتیوانیان بۆ گەڕەکی غوێران رەوانە کردووە و بەپشتیوانی فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی هاوپەیمانان توانیویانە گرتوخانکە کۆنترۆڵ بکەنەوە بەڵام شەڕەکە ‌هێشا لەسەر شەقام بەردەوامی هەیە.

بەگوێرەی زانیارییەکان لەماوەی ٢٤ کاتژمێری شەڕدا ٤٠ چەکداری داعش کوژراون و ١٨ کەس لە هێزەکانی هەسەدە و ئاسایشی ناوخۆ کوژراون و باس لەوەش دەکرێت پێنج کەسی سڤیل کوژراون.

لە دواى شەڕى باغۆزەوە لە ناوچەى غوێران لە شارى حەسەکە زییندانى غوێران دروستکراوە و لە ئێستادا نزیکەى چوار هەزار چەکدارى پێشووى داعشى تێدایە.

ئەمەش لە کاتێکدایە لەماوەی مانگی رابردوودا جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و سوریا دەستی پێکردووەتەوە و بەرەبەیانی دوێنێ لە هێرشێکدا بۆ سەر سوپای عێراق ١١ سەربازی سوپای عێراق کوژران.

هێزە کوردییەکان دەڵێن چەکدارانی داعش کە هاوڵاتی بیانیین لە زیاتر لە ٥٠ وڵاتانی جیاوازەوە لە چەندین گرتووخانەی ژێر دەسەڵاتی ئەواندان و دەڵێن ژمارەی گومانلێکراوانی داعش کە دەستگیرکاون دەگاتە زیاتر لە ١٢ هەزار کەس.


 













گەلەری