سەردێڕ:

‎روسیا داوایەکی ئاراستەی ناتۆ کرد

PM:11:52:21/01/2022

6080 جار خوێندراوەتەوە

‎روسیا داوای لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسی کرد هێزەکانی لە رۆمانیا و بوڵگاریا بکێشێنێتەوە. هاوکات، "سوید و فنلەندا ئامادەییان دەربڕیوە بچنە ناو هاوپەیمانێتییەکەوە".


‎ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، دەسەڵاتدارانی روسیا داوایان لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسی کردووە، سەرجەم هێزە بیانییەکان لە بوڵگاریا و رۆمانیا بکشێتەوە بە ئامانجی هێورکردنەوەی گرژییەکان کە لەئەنجامی قەیرانی ئۆکرانیاوە دروست بووە.

لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، بە راشکاوی داوایان کردووە هێزە سەربازییە بیانییەکان و سەرجەم پێداویستییە لۆجستی و سەربازییەکان لە بوڵگاریا و رۆمانیا بکشێنەوە و دۆخەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٧، کە هێشتا ئەو دوو ڵاتە نەبووبوونە ئەندام لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسیدا.

کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، هەریەک لە سوید و فنلەندا لە ئێستادا زیاتر کراوەترن بە رووی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی بە ئامانجی بوون بە ئەندام تیایدا، سەرەڕای هەڕەشەکانی ڤلادیمێر پۆتن.

لەلایەن خۆیەوە، سانا مارین سەرۆک وەزیرانی فنلەندا رایگەیاند، وڵاتەکەی مافی خۆیەتی نەخشەی ئاسایشی خۆی دیاری بکات، لە نێویشیدا بوون بە ئەندام لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسیدا.

ئان لیندی وەزیری دەرەوەی سوید جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی روسیا مافی ئەوەی نییە رێگری لە سوید بکات لەگەڵ چ لایەنیکدا دەچێت هاوپەیمانیتییەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ئەگەری چوونە ناو پەیمانی باکوری ئەتڵەسییەوە لەلایەن سوید و فنلەندا، نیگەرانییەکانی روسیا قوڵتردەبنەوە و فنلەنداش دۆخی بێ لایەنی خۆی لە جەنگی ساردی نێوان روسیا و ئەمریکا کۆتایی پێدێنێت.













گەلەری