سەردێڕ:

بارەگای بارزانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر بەرنامەیەکی ئێن ئاڕ تی پێکهێنا

PM:09:41:21/01/2022

30708 جار خوێندراوەتەوە

دوای بەشداریکردنی لەبەرنامەی پەرلەمانی خەڵکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی، کە تایبەتبوو بە کێشەکانی قەزای مەخمور و داگیرکردنی زەویی لەلایەن چەند بەرپرسێکەوە، سەرۆکی شارەوانی ئەو قەزایە سکاڵای لەسەر هاوڵاتی عەبدولجەبار مەخموری و پارێزەر گۆران دێبگەیی تۆمارکرد.


بەرێوەبەری شارەوانی مەخمور رایگەیاند، وەک بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی مەخمور سکاڵایی یاساییان لەسەر هاوڵاتی "عەبدولجەبار مەخموری" و پارێزەر "گۆران دێبگەیی" لە دادگای مەخمور تۆمارکردووە.

لە بەرنامەی پەرلەمانی خەڵک، کە یەکشەمەی هەفتەی رابردوو لەسەر شاشەی ئێن ئاڕ تی پێشکەشکرا و سەبارەت بە کێشەکانی قەزای مەخمور بوو، عەبدولجەبار مەخموری باسی لەو کاتە کرد کە مەسعود بارزانی سەردانی مەخموری کردووە و لەلایەن بەرپرسانی لقی پارتییەوە هەڕەشەیان لێکراوە "چاوییان لێ سورکراوەتەوە" هەتا داخوازی و کێشەکانیان نەخەنەڕوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی مەخمور کێشەو گرفتی زۆرییان هەیە لەرووی ئیدارییەوە و شارەوانی رێگری دەکات لە هەر کارێکی نۆژەنکردنەوەی خانوی هاوڵاتییان، لەکاتێکدا چەندین باڵەخانە بەشێوەی نایاسایی لە سنورەکە دروست دەکرێت.

هاوکات، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی دوابەدوای بەرنامەکە بارەگای بارزانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو پرسە پێکهێناوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە بەرپرسانی قائیمقامییەتی قەزای مەخمورەوە کرد بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە بەرنامەکەدا، بەڵام ئامادەییان نەبوو.













گەلەری