بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ناوەندە جیهناییەکانی کەشناسی پێشبینی ئەوە دەکەن لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین روو لە ناوچەکە و هەرێم بکات. دەشڵێت، "لە ئێستادا ئێمە هیچ راگەیەنراوێکمان لەسەری نابێت، چونکە کەش و هەوا دەکرێت بگۆڕێت و هێشتا زووە بۆ پێشبینی هەفتەیەکی دیکە".
ئەمڕۆ هەینی، ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەگەری هاتنی شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین دەکرێت لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو، بەڵام کەش و هەوا بەشێوەیەکی خێرا دەگۆڕێت و زانیارییەکان بەردەوام نوێدەکرێنەوە و جارێ بە فەرمی راگەیاندراویان نابێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە لە رۆژدا
پلەکانی گەرما دوو بۆ سێ پلە لە ئێستایان بەرزتردەبنەوە و لەشەودا پلەکانی گەرما لە
نزمیدا دەمێننەوە.
بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی وتیشی، لەناو رۆژژمێری کوردیدا
ئەم مانگە بە رێبەندان ناوهێندراوە، ئەمەش ئاماژەیەک بووە بەوەی کەش و هەوا ناجێگیردەبێت
و پلەکانی گەرما بەردەوام نزمدەبنەوە و وەرزی بەفر و بارانبارینە.
هەر ئەمڕۆش، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی عێراق راگەیەنراوێکی
بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، رۆژی شەممە پێشبیبنیدەکرێت لە هەرێم ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور
و سارد بێت، بەڵام پلەکانی گەرما لە رۆژدا بەرزتر دەبنەوە لە رۆژانی رابردوو و لە
شەودا وەک خۆیان دەمێننەوە.
ئەوەش هاتووە، رۆژی یەکشەممە لەسەرتاسەری وڵاتدا ئاسمان
ساماڵ دەبێت و بەرزترین پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزدەبنەوە، بەڵام هیچ گۆڕانێک لە
پلە نزمەکاندا روونادات، بەمەش کەشە ساردەکە بەردەوامدەبێت.
لەبارەی پێشبینییەکانی کەش و هەوای رۆژی دووشەممە، کەشناسی
عێراق ئەوەی خستووەتەڕوو، ئاسمانی هەرێم هەوری تەواو دەبێت و پلەکانی گەرما هاوشێوەی
رۆژی پێشتردەبن و ئەگەری بارانبارینیش هەیە. دەشڵێت، لەناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.