سەردێڕ:

لەبارەی رەقبوونەوەی پۆلیسێکی گومرگ روونکردنەوە دەدرێت

PM:05:58:21/01/2022

20128 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسێکی گومرگ لە مەرزی سەیران بەن گیانی لەدەستداوە؛ هاوکارەکانی دەڵێن رەقبووەتەوە و قائیمقامی پێنجوێنیش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رەقنەبووەتەوە و جەڵدە لێیداوە.


پۆلیسێکی گومرگ لە مەرزی سەیران بەن لە نزیک پێنجوێن گیانی لەدەستداوە؛ هاوکارەکانی لەسەر کارەکەی باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەرماوە رەقبووەتەوە و گیانی لەدەستداوە.

بۆ زانینی راستی هەواڵەکەش ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە قائیمقامی پێنجوێنەوە کرد و بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو پۆلیسە توشی جەڵدەی دڵ بووە و رەقنەبووەتەوە.

وتیشی، لە پێشتردا هیچ گرفتێکی دیکەی تەندروستی نەبووە، تەمەنیشی لە سەرەتاکانیدا بووە و نەگەیەشتووەتە سەرو ٣٤ ساڵ.

ماوەی سێ رۆژە شەپۆلێکی بەفر و سەرما رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەفر لە سەنتەری شارەکانیشدا باریوە، تەنانەت لە ناوچە گەرمەکان و سەنتەری شاری هەولێر و کەرکویشدا بەفر باری، لە ئێستاشدا کەشناسی هەرێم هۆشداری لە زیاتر نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دەدات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوی رابردووش لە گەڕەی بەختیاری شاری سلێمانی؛ تەرمی پیاوێکی کوردی رۆژهەڵات لە خانوویەکی تەواونەکراودا دۆزرایەوە، کە دواتر بەرپرسی سەنتەری فریاگوزاری سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە سەرمادا رەقبووەتەوە.

ئیحسان سابر، سلێمانی

هـ.ئـ













گەلەری