سەردێڕ:

لەبارەی ئازاردانی منداڵێک لەلایەن باوکییەوە؛ وەزارەتی ناوخۆ رونکردنەوە دەدات

PM:02:16:21/01/2022

33116 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، توانیویانە بگەنە ماڵی ئەو منداڵەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت لەلایەن باوکییەوە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دوای بڵاو بوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و تیایدا دەردەکەوێت باوکێک بەشێوەیەکی توندوتیژ مامەڵە لەگەڵ یەکێک لە منداڵەکانی دەکات کە کوڕە، مەفرەزەکانی پۆلیسی راشدییە توانیان باوکەکە دەستگیربکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، دایکی منداڵەکە لە بنکەی پۆلیس سکاڵای لەسەر مێردەکەی تۆمار کردووە و تیایدا داوای کردووە خۆی و منداڵەکانی بپارێزرێن.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ماجد فالح بەرپرسی پۆلیسی بەغدا دۆسیەی لەسەر کەیسەکە کردووەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردنی باوکەکەی بە گوێرەی مادەی ٤١٣ لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ دەرکردووە بەمەبەستی گرتنە بەری رێوشوێنی یاسایی پێویست بەرامبەر باوکەکە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە و تیایدا دەردەکەوێت باوکێک بە شێوەیەکی توندوتیژانە رەفتار لەگەڵمنداڵەکەی دەکات بە هۆکاری ئەوەی لە وانەکەکانیدا کۆششی پێدەکات. منداڵەکە تەمەنی لە نێوان ٨ بۆ ١٠ ساڵاندایە.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، باوکەکە سەرەڕای ئەوەی بە زلە لە دەموچاوی منداڵەکەی دەدات، دەیداتە بەرشەق و هەڵیدەگرێت و راستەوخۆ سەری منداڵەکە دەکێشێت بە زەوییەکەدا و پێێدەڵێت، "دەنوسیت یان نانوسیت". لە کاتی رووداوەکەدا کەسێک، کە پێدەچێت دایکی منداڵەکەبێت، بە مۆبایل ڤیدۆی دەگرێت و تۆماری دەکات و هەوڵدەدات باوکەکە والێبکات لە منداڵەکە نەدات.

لێرەدا ئێن ئاڕ تی چەند وێنەیەکی گرتەکە دادەنێت و لەبەر نەشیاوی رووداوە و ئازار نەدانی خوێنەرانی ئامادەنەبوو گرتەکە دابنێت.













گەلەری