سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە رۆژئاوای کوردستان بەفر زیانی بە کەمپی ئاوارەکان گەیاندووە

PM:01:03:21/01/2022

3144 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە لەم هەفتەیەدا، کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان زیانی زۆری پێگەشتووە و چەند چادرێک بەسەر دانیشتوانەکەیاندا رووخاون.


ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی، ٢٢ شوێن لە پارێزگای حەلەب (بە تایبەتی لە عەفرین و عەزاز) و نۆ شوێن لە پارێزگای ئیدلب زیانیان پێگەیشتووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەفربارین لە رۆژئاوای کوردستان لە ١٨ی کانوونی دووەمەوە دەستپێکردووە و زیانی بە کەمپی ئاوارەکان و چادر و ماڵ و خەڵکی گەیاندووە.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، لە ١٩ی کانوونی دووەمەوە، ٣٦٢ چادر و ٢١٢٤ کەس (٤٢٩ خێزان) زیانیان پێگەیشتووە لە کامپەکانی عەفرین و خێزانەکان ناچاربوون خێمەکانیان چۆڵبکەن و بروانەتە شوێنە پارێزراوەکان، لەوانە بۆ بینای بەڕێوەبەرایەتی کامپەکە و خوێندنگایەکی نزیک لە ناوچەکە.

هاوکات، بەپێی راپۆرتەکان لە گوندی قەستەلی مەکدادی حەلەبی بەهۆی داڕمانی سەقفی چادرەوە لە ئەنجامی بارینی بەفرێکی زۆر منداڵێک گیانی لەدەستداوە و دایکەکەش بە سەختی برینداربووە.

ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەفربارین و دابەزینی پلەکانی گەرما ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و لە زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئاستەنگی هاتوچۆ دروستبوو.













گەلەری