سەردێڕ:

ھاوڵاتیان چی بکەن بۆ ئەوەی ئاوی ماڵەكانیان نەیبەستێت؟

PM:11:35:20/01/2022

28676 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی نزیکی ھەفتەیەکە شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی گرتووەتەوە و لە شەوی رابردووشەوە بەشێوەیەکی بەرچاو بەفر لە سەنتەری شارەکانیشی گرتووەتەوە.


بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ھەرێم، سبەینێ ھەینی کاریگەری شەپۆلی بەفر بارین نامێنێت و ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە و لە زۆربەی ناوچەکان دەگەنە ژێر سفری سیلیزی.

یەکێک لەو گرفتانەی ئەگەری ھەیە ھاوڵاتیان رووبەڕووی ببنەوە بەستنی ئاوی ماڵانە، ھاوڵاتیان دەتوانن چەند رێگایەک بگرنە بەر بۆ رێگەگرتن لە بەستی ئاوی ماڵەکانیان:

١.دەزولەیەکی کەم ئاوی بەلۆعەکان بەربدەنەوە و با بەردەوام لێی بڕوات.

٢.کەمێک ئاوی گەرم بکەن بە بۆریەکاندا بۆئەوەی ئاسانتربکرێنەوە و نەشکێن.

٣.دەتوانن وەک ئامادەباشیکردن؛ بۆ خواردنەوە و چێشتلێنان و پێویستی و بەکارھێنانی دیکەی وەک دەستشۆر و توالێت، لە (سوراحی، دەبە، قۆری، تەشت) پڕ لە ئاو بکەن و بۆ کاتی پێویست بۆ سبەی بەکاریبھێنن.

ھاوکات، بەرێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رێنمایی ھاوڵاتیانی کردووە:

١.ئەو ماڵانەی پێوەری ئاویان ھەیە دایپۆشن بۆئەوەی نەبێتە ھۆی شکانی.

٢.بەھیچ شێوەیەک ھاوڵاتیان نابێت ئاو بڕژێننە بەردەم ماڵەکانیان و سەرشەقام، چونکە جگە لەوەی دەبێتە ھۆی بەفیڕۆدانی ئاو، بەھۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرماوە دیاردەی بەستن روودەدات و رەنگە ببێتە ھۆی کەوتنی ھاوڵاتیان خۆیان یان رووداوی ھاتوچۆی لێبکەوێتەوە.

ھـ.ئـ













گەلەری