بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، خوێندنەوەی یەکە بۆ پرۆژەیاسای پەروەردە کراوە و لەماوەی داهاتووشدا بڕیارە خوێندنەوەی دووەمی بۆبکرێت. دەشڵێت، "گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەییدا دەکرێت".
گەلاوێژ عوبێد بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "پڕۆژەیاسای پەروەردە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ئامادە کراوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە لە پەرلەمان."
ئاماژەی بەوەشکردووە،
وابڕیارە لەدوای دەستپێکردنی وەرزی بەھارەی پەرلەمانیش خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت،
وتیشی "ھەردوو لیژنەی یاسایی و پەرورەدە سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتن لەبارەی
پڕۆژەیاساکەوە".
باسی لەوەشکرد،
پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە گۆڕانکاریی زۆر لە کەرتی پەروەردەدا دروستدەکات و ئەوەی
تا ئێستا بە بڕیار و رێنمایی دەکرا، لەمەودوا بەپێی یاسا کەرتی پەروەردە بەڕێوە دەبرێت.
بڕیاردەرەکەی لیژنەی
پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی پڕۆژەیاسای پەروەردە، یەکێک لەو گۆڕانکارییانەی ئەنجامدەدرێت،
تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەییە، کە پێشنیازکراوە لەنێو پڕۆژەکەدا قوتابی ٢٠ نمرە
لە پۆلی ١٠ ی ئامادەیی و ٢٠ نمرەش لە پۆلی ١١ ی بۆ ھەژمار بکرێت و تاقیکردنەوەی پۆلی
١٢ لەسەر ٦٠ نمرە دەبێت.
لەبارەی گۆڕانکارییەکانیشەوە
لە شێوازی تاقیکردنەوەکان باسی لەوەکرد، شێوازی وەڵامدانەوە ھەر بە ھەڵبژاردن دەمێنێتەوە
وەک ئێستا.
ئەوەش لە کاتێکدایە،
لە ئێستادا بەشێکی شارەزایانی پەروەردە باس لەوە دەکەن، گرنگە لە تاقیکردنەوەکانی
پۆلی ١٢دا تەنھا ھەڵبژاردن نەبێت و نووسین و وەڵامدانەوە و شیکردنەوەش ھەبێت، لەو
رێگایەوە توانای داڕشتن و نووسین و دەربڕین لە خوێندکاراندا پەرەپێدەدرێت، بەشێکیش
پێیان وایە ھەندێک کات خوێندکاران لە رێگای نووسینەوە تەواوی نمرەکانیان بۆ ئەنجام
لەدەست نادەن.
لەلایەکی دیکەشەوە
بەشێکی خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە ھەرێمدا گرفتی ئەوەیان ھەیە، رێژەی وانەکانیان زۆرە
و لەکاتی تاقیکردنەوەی نیشتیمانیدا تەواوی بابەتەکانیان بۆ داخڵە، ئەوەش فشاریان لەسەر
دروست دەکات و بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، کەم نین ئەو خوێندکارانەی ماوەیەکی
زۆر لەدوای تاقیکردنەوەکانیش کاریگەریی ئەو فشار و سترێسەیان لەسەر دەمێنێت.