سەردێڕ:

تەمومژێکی زۆر لەسەر شەقامەکان دروستبووە؛ هاتوچۆ هۆشداری دەدات

PM:05:42:20/01/2022

6948 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی بەهۆی دروستبوونی تەمومژێکی زۆر لەسەر شەقامەکان، هۆشداری بەشۆفێران دەدات لەبارەی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆوە لەسەر شەقامەکان و دەشڵێت، "بە هیچ مه‌به‌ستێك شۆفێران و هاوڵاتییان له‌ماڵه‌كانیان ده‌رنه‌چن له‌ پێناو سه‌لامه‌تی گیان و ماڵیان".


بەختیاری محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرما و بارینی بەفرێکی زۆر ئاستەنگی هاتوچۆ لەسەر شەقامەکان دروستبووە و مەودای بینین بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هاوڵاتییان دۆخەکە بەگرنگییەوە تەماشا بکەن و لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەیەنە دەرەوە.

باسی لەوەشکرد، پێویستە خەڵکی بزانن ئەو سەهۆڵەی لەسەر شەقامەکان دروست دەبێت مەترسیدارە و تەنانەت تایبەتمەندی دژەخلیسکانیش ناتوانێت رێگری لە خزان بکات، وتیشی "ئەوان داواکارن خەڵکی لە ماڵەکانیان بمێننەوە."

ئەوەسی خستەڕوو، رێگەی سیتەک بەربەستکراوە لە رێگەی دەباشانەوە بەمەبەستی پاراستنی هاوڵاتییان و تەنها رێگەی هەواری شار بەردەستە بۆ تونێلی پێشڕەو بەڵام ئەویش مەترسیدارە و ئاستەنگی هاتوچۆی تێدا دروستبووە و ئۆتۆمبێل ناتوانێت تێیدا دەربچێت.

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ، لێدوانێکی بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی کە تێیدا داوا له‌هاوڵاتیان ده‌كات له‌كاتی كاری زۆر پێویستدا نه‌بێت هاتوچۆ نه‌كه‌ن ‌و پیویسته‌ شۆفێرانیش پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانی هاتوچۆ بن، دەشڵێت " كاریگه‌ری ئەم شه‌پۆله‌ تا ئێواره‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت و له‌شه‌ودا لاواز ده‌بێت‌."

لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی بەفربارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما رووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە و لە ناوەندی پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی زاخۆ و سۆران و راپەڕین بەفربارین دەستی پێکردووە و ئاستەنگی ھاتوچۆی بۆ شۆفێران و ھاوڵاتییان دروستکردووە، جگە لە پارێزگای سلێمانی لەسەرجەم پارێزگا و یەکە ئیدارییە سەربەخۆکانی ھەرێم دەوامی فەرمی راگیراوە.

کارزان تارق، سلێمانی
ل.ل












گەلەری