پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی عەزم رایگەیاند، لەسەر ئاستی شەقامی عێراق ترس هەیە لە دۆخەکە، هاوڵاتیان چاودێری دۆخەکە دەکەن، ترسیان لەروودانی شتی نادیار هەیە. دەشڵێت، " دۆخی عێراق بەرەو ناسەقامگیری دەڕوات".
ئەمڕۆ چوارشەممە، نور جحێشی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی عەزم، بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند، لەسەر ئاستی شەقامی عێراق ترس هەیە لە دۆخەکە، هاوڵاتیان چاودێری دۆخەکە دەکەن، ترسیان لەڕوودانی شتی نادیار هەیە.
لە کاتێکدا سوننەکانی
عێراق رێککەوتنیان لەگەڵ رەوتی سەدر و پارتی هەیە، بەڵام بەرپرسانی عەرەبی سونە پێیانوایە
دۆخی عێراق ناسەقامگیرە و گەر هێز و لایەنە شیعەکان نەگەنە رێککەوتن، ناسەقامگیری
روو لە عێراق دەکات.
تا ئێستا عەرەبی
سوننە بە براوەی ململانێ و کێشمەکێشەکانی عێراق دادەنرێت، بەو پێیەی پۆستی سەرۆکی
پەرلەمانیان بردووەتەوە و بەیەک دەنگیش چوونەتە نێو گفتوگۆ و دانوستانەکان لەگەڵ هێزە
عێراقیەکاندا.
لە دوای رووخانی
رژێمی بەعسەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، یەکەمجارە عەرەبی سوننە بەم شێوەیە یەکگرتوو و یەکدەنگ
بن، سەرباری ئەوەی هێشتا ژمارەیەک پەرلەمانتاریان ئاراستەی جیایان لە هاوپەیمانێتیەکەی
عەزم و محەمەد حەلبوسی گرتووەتەبەر.
نورجحێشی ئەندامی
پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی عەزم لە بارەی هاوپەیمانێتیان لەگەڵ رەوتی سەدر و
پارتی ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ هاوبەشی سیاسی لە نێوان کورد و عەرەب و شیعە دروستبووە،
ململانێ تەنها لە نێوان حیزبەکان هەیە، نەک پێکهاتەکان.
ئیسماعیل حەدیدی
کەسایەتی دیاری عەرەبی سوننە، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، رێککەوتنەکان باشن گەر
بەردەوام بن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لەناو خودی پێکهاتەکانیش ناکۆکی هەیە و ئەم رێککەوتنانە
گرەویان لەسەر ناکرێت.
عەرەبی سونە لە
دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، لە زۆربەی پارێزگاکان ژمارەی کورسیەکانیان
زیادیکردووە، هەرچەندە بە دوو هاوپەیمانێتی جیاوە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان
کرد، بەڵام دواتر یەکیانگرت و لەگەڵ پارتی و رەوتی سەدر چوونە نێو رێککەوتنەوە.
سەرباری رێککەوتنی
سەدر و پارتی و عەرەبی سوننە، بەڵام هێشتا لە نێو کوردا ناکۆکی لەسەر پۆستی سەرۆک
کۆمار هەیە و لەنێو شیعەشدا، کێشمەکێشەکان لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت تا دێت
قوڵتر دەبنەوە.
هەرچەندە بە رێککەوتنی
رەوتی سەدر و عەرەبی سوننە و پارتی، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراوە، بەڵام
بابەتی نایاسایی بوون و یاسایی بوونی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان براوەتە دادگا و هێشتا
دادگا بڕیاری لە بارەوە نەداوە.