سەردێڕ:

ئایا گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانی بەردەوامە؟

PM:03:46:20/01/2022

3532 جار خوێندراوەتەوە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی بەفربارینێکی زۆرەوە، دوای ئەوەی چەند گەشتێکی فڕۆکەوانی دواکەوتن، لەئێستادا و بۆ ماوەیەکی کاتی، سەرجەم گەشتەکان راگیراون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، به‌هۆی ئه‌و شەپۆلی بەفربارینەی ناوچەکانی هه‌رێمی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی گرتووه‌ته‌وه، کەوتنەوەی بەفرێکی زۆر لەسەر فڕگە و ناوچەی فڕینی فڕۆکەخانە، بووە ھۆکاری دواکەوتنی بەشێک لە گەشتەکانی فڕۆکەخانە.

دەشڵێت، لەئێستادا تیمەکانی فڕۆکەخانە بەسەرپەرشتی راستەخۆی تاهیر عەبدوڵا قادر، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانە و بەڕێوەبەری تەکنیک سەرقاڵی پاککردنەوەی فڕگە و ناوچەی فڕین و بەشەکانی تری فڕۆکەخانەن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە نزیکترین کاتدا.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی بەفربارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە ناوەندی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی زاخۆ و سۆران و راپەڕین بەفربارین دەستی پێکردووە و ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ شۆفێران و هاوڵاتییان دروستکردووە و بەهۆیەوە رێگای سەرەکی نێوان چەندین پارێزگا و ناوچەی جیاجیا داخراون. هاوکات، جگە لە پارێزگای سلێمانی لەسەرجەم پارێزگا و یەکە ئیدارییە سەربەخۆکانی هەرێم دەوامی فەرمی راگیراوە.













گەلەری