سەردێڕ:

بەرپرسانی سلێمانی لێدوانی دژ لە بارەی دەوامی ئەمڕۆوە دەدەن

AM:11:03:20/01/2022

10872 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتێکدا بەهۆی بارینی بەفر لەناوەندی شاری سلێمانی ئاستەنگی هاتوچۆ دروستبووە، بەر پرسانی شارەکە لە بارەی دەوامی فەرمییەوە لێدوانی دژ دەدەن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دامودەزگا حکومییەکان لە ئەمڕۆدا؛ بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان، بەردەوام دەبن لە کاری رۆژانەی خۆیاندا.

دەشڵێت، ئەو فەرمانبەرانەی ئەمڕۆ ناتوانن بگەنە شوێنی کارەکانیان، بەهۆی بارینی بەفرو ئاستەنگی هاتوچۆوە لە هەندێک شوێندا، بە ئامادەنەبوو ئەژمار ناکرێن.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، "سەبارەت بە دەوام کردن ئەمڕۆ کراوە بە پشووی فەرمی".

دەشڵێت، لیژنەی فریاگوزاری سلێمانی جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی زۆر بوونی بەفربارین ئەگەرەکانی رووداوی هاتووچۆ زیاترە.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، لە بەر سەلامەتی گیانی خۆتان و ماڵ و منداڵتان لە ماڵەکانتاندا بمێننەوە و مەیەنە دەرەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تیمەکانی شارەوانی و رێگاوبان لە ئێستادا لە ئەرکدان بۆ پاککردنەوەی شەقامەکان، بەڵام بەهۆی زۆری بەفرەکەوە مەترسی زۆر بۆ مانۆڕی شۆفێریکردن دروست بووە لە سەنتەری شار و دەرەوەی شار.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا هاتوچۆی سلێمانی داوادەکات، "شۆفێران بە هیچ جۆرێک لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوەو شۆفێری نەکەن وە هیچ ێگایەک سەلامەت نییە تکا دەکەین با تووشی ڕووداو و کارەساتی هاتووچۆیی نەبن."

لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی بەفربارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە ناوەندی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی زاخۆ و سۆران و راپەڕین بەفربارین دەستی پێکردووە و ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ شۆفێران و هاوڵاتییان دروستکردووە، جگە لە پارێزگای سلێمانی لەسەرجەم پارێزگا و یەکە ئیدارییە سەربەخۆکانی هەرێم دەوامی فەرمی راگیراوە.













گەلەری