حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا دەستبکاتەوە بە وەرگرتنەوەی پێشینەکانی خانووبەرە و سندوقى نیشتەجێبوون و پێشینەى هاوسەرگیرى و قەرزى بچووک لە هاوڵاتییان. دەشڵێت، "بە رێژەی ١٥٪ داشکاند لە وەرگرتنەوەی پشێینەکاندا دەکرێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، حکومەتى هەرێمى بڕیاریدا ئەو پارەى پێشینانە لە هاوڵاتییان وەربگرێتەوە کە لە شێوەى پێشینەکانی خانووبەرە و سندوقى نیشتەجێبوون و پێشینەى هاوسەرگیرى و قەرزى بچووک خەرج کراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیراندا
بڕیارداروە بە داشکاندی ١٥٪ پارەى پێشینەکان لە هاوڵاتییان وەربگیرێتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران ئەو پێشنیارانەی
پەسەند کرد کە خرانەڕوو بۆ ئاسانکاریکردن بۆ هاوڵاتییان لە دانەوەی ئەو پابەندییە
داراییانەی لە ئەستۆیانە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری، تا وەک داهاتی گشتی جارێکی
دیکە خەرج بکرێتەوە بۆ خەرجییە گشتیەکان وبەرژەوەندیی هاووڵاتیيان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
دەشڵێت، پێشنیارەکان بریتی بوون لە داشکاندنی رێژەی ١٥٪
لەو پێشینانەی حکومەت کە لە لای هاوڵاتییانە وەک "پێشینە خانووبەرە و و سندوقی
نیشتەجێبوون و پێشینەی هاوسەرگیریی و قەرزی بچووک و پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی و پێشینەی
پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری".
راگەیەنراوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، داشکاندنەکە بەردەوامدەبێت
بە مەرجێک هاوڵاتییان ئامادەبن تا٩٠ رۆژی کار لە رێکەوتی دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی
وەزیرانەوە تەواوی بڕی پێشینەکانی بۆ حکومەت بگەڕێنێتەوە.
راگەیەنراوەکە باسی لەوەشکردووە، ئەم داشکاندنە بە رێژەی
١٥٪ پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار "شارەوانییەکان،
گەشتوگوزار، ئاو" و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، لێخۆشبوونی تەواوی سزای
دواکەوتن و سوود لە سەر باج و رەسمی کەڵەکەبوو دەبێت بەمەرجێک تەواوی باج و رەسم
بدرێت بە حکومەت لەو ماوەیەی حکومەت دیاری کردووە.