سەردێڕ:

موقتەدا سەدر داوایەک ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکات

PM:11:48:19/01/2022

7076 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر داوای لە حکومەتی عێراق کرد، توندرین رێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ ئاشکرا کردنی ئەو لایەنانەی بارەگای حزبەکانیان بە ئامانج گرت. دەشڵێت، "لۆجیکی نییە لایەنی سیاسی پەنا بۆ توندوتیژی بەرێت".


ئەمڕۆ چوارشەممە، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەدا، هەندێ لەو لایەنە سیاسیانەی رەخنەیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی هەبوو لە ئێستادا پەنایان بۆ دادگا بردووە.

دەشڵێت، "لەوبارەوە ئێمە تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکمان رانەگەیاندووە چونکە ئەوە مافی هەموو کەسێکە، بەڵام بەگوێرەی پێدراوە یاساییەکان هیچییان بۆ نەکراوە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەندێک لەو کەسانەی لەسەر ئەو لایەن سیاسیانە هەرژامردەکرێن پەنایان بردووەتە بەر توندوتیژی و بارەگای ئەو حیزبانەیان بە ئامانج گرتووە کە سەر بە رەوتی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانین، ئەمەس کارێکە نە عەقڵ و نە شەرع و نە یاسا پەسەندی ناکەن.

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا موقتەدا سەدر دەڵێت، پێویستە لەسەر عەقڵمەندانی ئەو لایەنانە رێگری لەم بێسەرەوبەرییە بگرن، چونکە کارێکی لۆجیکی نییە لایەنێکی سیاسی پەنا بۆ کاری توندوتیژی بەرێت هەرکاتێک ئەوەی مەبەستی بوو بەدەستی نەهێنێت، سیاسەت وایە رۆژێک بۆتۆیە و رۆژێک لە بەرژەوەندیت نییە.

ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە لەسەر حکومەت توندترین رێوشوێن بگرێتەبەر و پەلە بکات لە ئاشکرا کردنیبکەرانی ئەو کارە تا پرۆسەی دیموکراتی نەبێتە ئامێریکی یاری کردن بەدەست ئەو کەسانەی دێن و دەچن و تێپەڕدەبن.

دەشلێت، "ئێمە ئەوە دەڵێین نە لاوازین نە ئەترسین، هەموو لایەک دەمانناسن، بەڵام ئێمە ئاشتی و گەل و نیشتیمانان خۆشدەوێت و ئامادەنین بیانخەینە مەترسییەوە".

ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ١٣ لەسەر ١٤ی ١ی ٢٠٢٢ لە درەنگانی شەودا بە موشەک هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بارەگای سێ پارتی سیاسی لە بەغدای پایتەختی عێراق لەناوچەی سەوز و چاودێرانی سیاسی وەک نامەی هەڕەشە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە وەسفیان کرد.













گەلەری