سەردێڕ:

دانیشتووانی ناحیەی قادر کەرەم: رۆژانە ٤ بۆ ٨ کاتژمێر کارەبامان هەیە

PM:11:22:19/01/2022

2440 جار خوێندراوەتەوە

دانیشتووانی ناحیەی قادر کەرەم گرفتی کەمی کارەبا و نەوت و غازیان هەیە و باس لەوەدەکەن، لەم سەرما و کەشی زستانەی ئێستادا رۆژانە تەنها ٤ بۆ ٨ کاتژمێر کارەبایان هەیە.


لە ڤیدیۆیەکی تایبەتدا کە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بۆ ئێن ئاڕ تییان ناردووە و لەلای ئێن ئاڕ تی پارێزراوە، دانیشتووانی ئەو ناوچەیە باس لەوەدەکەن، کە ناحیەکەیان رۆژانە لە نێوان ٤ کاتژمێر بۆ ٨ کاتژمێر کارەبایان هەیە، هەندێک جاریش بە چەند رۆژێک لەسەر یەک هیچ کارەبایەکیان پێنادرێت.

دانیشتووانی ناحیەکە باس لەوەدەکەن، کارەبای نیشتیمانییان نییە، ئەو کارەبایەی هەشیانە کۆمپانیای داناغاز بۆیان دابیندەکات، بەهۆی ئەوە لەو ناوچەیەدا کاردەکەن، وەک باسی دەکەن، کارەبا مۆلیدەی ئەهلییان وەک جێگرەوە نییە، جار هەیە بە چەند رۆژێک لەسەر یەک کارەبایان نییە. بەڵام هەندێک ناوچەی ناحیەکەش هەیە؛ کە کارەبایان بەردەوامە و دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، "ناحیەکەمان وەک دوو ناوچەی جیاوازی لێهاتووە، دەوڵەمەندەکان کارەبایان نابڕێت و فەقیرەکانیش ئێوارە بە ماندوویی لە شوانکاری دەگەڕێتەوە بەبێ کارەبا."

ئەو هاوڵاتیانە لە ڤیدیۆکەی بۆ ئێن ئاڕ تیان ناردووە ئەوەیان خستووەتەڕوو، بەدەر لە کارەبا ناوچەکەیان خزمەتگوزاری دیکەشی نییە و وەک خۆیان دەڵێن، "دیمەنی سەربازی پێوەدیارە."

دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، کە گرفتی نەوتی سپی و غازیشیان هەیە و لەم کەشە ساردەدا هۆکاری گەرمکردنەوەیان نییە.

خوێندکارێکیش دەڵێت، لەم کاتی تاقیکردنەوانەیاندا بەبێ کارەبا سەختە بۆ ئەوان، دەشڵێت، "وەک ئەوە دێتە بەرچاوم کە باپیرمان باسی دەکرد، ساڵانی رابردوو لەبەردەم چرادا خوێندوویانە، ئێستا کە ٢٠٢٢ووە ئێمە هەر بە هەمان شێوەین."

دانیشتووانی ناوچەکە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن، کە بەدەمیانەوە بچێت و وەڵامی داواکارییەکانیان بداتەوە، دەشڵێن، ئەوەندەی لایەنی خۆیان لە ناوچەکەن و کارەبایان پێویستە خەڵکی مەدەنی کارەبا بەکارناهێنێت.

ناحیەی قادر کەرەم سەر بە قەزای چەمچەماڵە؛ بەڵام لەرووی بەڕێوەبردنەوە لەو ناوچانەیە کە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا کێشەی لەسەرە و دانیشتووانەکەی دەڵێن، "بوونەتە قوربانی ئەو دۆخە."


هـ.ئـ













گەلەری