سەردێڕ:

تاڵیبان داوایەک لە وڵاتانی ئیسلامی دەکات

PM:10:32:19/01/2022

2772 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیری حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد دان بە حکومەتی بزوتنەوەکەیدابنێن کە لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتەدەست.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، محەمەد حەسەن ئاخوند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە کابوڵی پایتەخت رایگەیاند، " داوا لە وڵاتانی موسوڵمان دەکەم رابەرایەتی بکەن لە دانپێدانان بە حکومەتەکەماندا. دواتر هیوادارم بتوانین بەخێرایی گەشە بکەین."

ئاماژەی بەوەشدا، "یارمەتی کەسمان ناوێت، یارمەتیمان بۆ بەرپرسەکان ناوێت، بەڵکو دانپێدانەکەمان بۆ خەڵکەکەمان دەوێت."

محەمەد حەسەن ئاخوند ئەوەشی خستەڕوو، تاڵیبان ئەو مەرجە پێویستانەی جێبەجێ کردووە کە پێویستن بۆ ئاشتی و ئاسایشی وڵاتەکە.

تا ئێستا هیچ وڵاتێک دانی نەناوە بە حکومەتەکەی تاڵیباندا، وڵاتانی جیهان چاودێری ئەوە دەکەن بزانن تاڵیبان کە لە ساڵەکانی ١٩٩٦ ەوە بۆ ٢٠٠١ ناوبانگی بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەرکرد ، چۆن ئەمجارە وڵات بەڕێودەبەن.

سەرەڕای ئەوەی سەرکردایەتی تاڵیبان بەڵێنیانداوە ئەمجارە نەرمتر حکومڕانی بکەن، بەڵام ئافرەتان بەشێوەیەکی بەرچاو لە کابینەی حکومەت دوورخراونەتەوە، زۆرینەی خوێندنگا ناوەندییەکانیش بۆ کچان بەداخراویی ماونەتەوە.

ئەفغانستان کە لەسەر یارمەتیە مرۆییەکان دەژی، لەسەر لێواری کارەساتێکی مرۆییە، لەدوای دەستبەکاربوونی تاڵیبانەوە قەیرانەکانی وڵاتەکە خراپتر بوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە هەڕەشەی کەمی خۆراکیان لەسەرە.













گەلەری