سەردێڕ:

روونکردنەوەیەک لە ئیدارەی سۆرانەوە

PM:08:10:19/01/2022

9128 جار خوێندراوەتەوە

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، سبەینێ بە هۆی دابەشکردنی موچەوە لە بانکەکان و گەنجینە و ئەو شوێنانەی موچە دابەش دەکەن راگرتنی دەوام نایانگرێتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەهۆی هەبوونی خشتەی دابەشکردنی موچە لە رۆژی پێنجشەممە، لە بانکەکان و گەنجینە و ئەو شوێنانەی موچە دابەش دەکەن راگرتنی دەوام نایانگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ناوەندی قەزای سۆران یاخود هەر قەزایەک هاتوچۆ ئاسایی دەبێت .

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "داوا لە موچەخۆران دەکەین لەئەگەری بارودۆخی خراپی کەش و هەوا لە هەر شوێنێک وەرگرتنی موچە دوابخەن بۆ رۆژانی ئایندە".

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر و هەڵەبجە و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران و راپەڕین و گەرمیان بەهۆی خراپی کەشوهەوا و بارینی بەفر و ئەگەری دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم هاتوچۆی هاوڵاتیاندا دەوامی فەرمی لەسەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەت راگیران.

ئاماژەیان بەوەشداوە، جگە لە و دامودەزگاخزمەتگوزارییانەی وەک بەرگری شارستانی و ئاسایش و تەندروستی و هەر دامودەزگایەک بەهانای هاوڵاتییانەوە دەچن دەوام راناگیرێت.

هەروەها، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەوامی لە هەریەک لە وەزارەت و دیوانی وەزارەت و سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکان راگرت.

لە راگەیەنراوەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەیان بەوەداوە، لەئەگەری دروست نەبوونی ئاستەنگ فەرمانبەران دەتوانن سەردانی بەشی ژمێریاری فەرمانگە و دامودەزگاکانیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی موچەکانیان.













گەلەری