سەردێڕ:

وەزارەتى خوێندنى باڵا سەرجەم زانکۆ و دامودەزگاکانی ئاگادار دەکاتەوە

PM:07:02:19/01/2022

38492 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایگەیاند، سبەینێ لەسەرجەم دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا و دیوانى وەزارەت و زانکۆکانى هەرێمی کوردستان لە تەواوی شارەکان بە حکومى و تایبەتەوە دەوامی فەرمی رادەگیرێت. دەشڵێت، "دابەشکردنى موچە بەردەوام دەبێت".


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، سبەینێ پێنجشەممە بەهۆى هاتنى شەپۆڵێکى دیکەى سەرماو سۆڵەو بەفربارین لە شارەکانى هەرێمى کوردستان و لەپێناو پاراستنى سەلامەتى گیانى مامۆستا و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیان دەوامی سەرجەم زانکۆ و دامودەزگاکانی سەربە وەزارەتەکەیان رادەگیڕێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو،  راگرتنی دوامیش بە بڕیارى "ئارام محمد قادر" وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بووە تەنها بۆ رێکەوتی ٢٠ی١ی ٢٠٢٢ دەبێت.

راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، سەبارەت بە دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانیش، بەڕێوەبەرایەتى ژمێریارى و لێژنەى پەیوەندیدار بە دابەشکردنى موچە لە وەزارەت و زانکۆکان و دامودەزگاکان دەوامى ئاسایى خۆیان دەکەن بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران بەپێى ئەو ئالیەتەى دایدەنێن.

دەشڵێت، بۆ ئەمەش فەرمانبەران دەتوانن بۆ وەرگرتنى موچەکانیان سەردانى بەڕێوەبەرایەتى ژمێریارى و لێژنەکانى دابەشکردنى موچە بکەن.













گەلەری