سەردێڕ:

هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا دەستیپێکردەوە

PM:02:26:19/01/2022

2612 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا تەقییەوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک هەناردەکردنی نەوت وەستا، بەڵام حکومەتی هەرێم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی بۆ تورکیا راگەیاند.


شەوی رابردوو، ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ رایگەیاند، ته‌قینه‌وه‌یەک له‌ بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌ پارێزگای مه‌ڕه‌شی باشوری خۆرهەڵاتی تورکیا روویداوە، کە ئەو بۆرییەی تەقیوەتەوە بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا بووە، کە درێژی بۆرییەکە ٥١١ کیلۆمەتر بووە.

هاوکات، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم باسی لەوەکردووە، بەهۆی تەقینەوەی بۆرییەکەوە وەستانێکى کاتى لە هەناردەکردنەکەدا بۆ بەندەرى جەیهان روویدا، بەڵام لە ئێستادا هەناردەکردنی نەوت دەستیپێکردووەتەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، "تەقینەوەی بۆرییەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە روویداوە و لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتى هەرێم وردتر لە رووداوەکە دەکۆڵێتەوە."

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠دا، بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ رۆژ هەناردەکرنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا راگیرا دوای تەقاندنەوەی بۆرییەکە، کە لەوکاتەدا حکومەتی هەرێم پەکەکەی بە تەقاندنەوەی تۆمەتبار کرد.

لە ساڵی ٢٠١٣دا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێم‌ گرێبەستێکی ٥٠ ساڵی لەبارەی نەوتی هەرێمەوە لەگەڵ تورکیا واژۆکرد، بەڵام تاوەکو ئێستاش وردەکارییەکەی ئاشکرانەکراوە و بەردەوام جێی باس و خواستنی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن بووە و داوایان کردووە ناوەڕۆکەکەی ئاشکرابکرێت.

پێشتر، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ کاروباری وەبەرهێنان‌ و وەزیری پێشووی دارایی‌ هەرێم رایگەیاند، "ئەو رێککەوتنە بۆ هەڕاجکردنی نەوت نییە، ئەو بابەتە بە هەڵە گەیەنراوەتە خەڵکی کوردستان و ئەو رێککەوتنە رێککەوتنێکی زۆر ستراتیژییە بۆ هەرێمی کوردستان."

لە ماوەی رابردووشدا، چەند بەرپرسێکی یەکێتیی باسیان لەوە دەکرد، کە ئاگاداری ناوەڕۆکی گرێبەستی ٥٠ ساڵەی هەرێم و تورکیا نین، لە بەرامبەردا، رێباز حەملان وتی، هەموو ئەو هێزە سیاسییانەی بەشداری حکومەتن ئاگاداری وردەکاری گرێبەستەکەن ‌و "ئەوەی بڵێت ئاگادارنیم راستناکات."













گەلەری