سەردێڕ:

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی راگرتنی دەوام لە سبەینێدا روونکردنەوە دەدات

PM:01:44:19/01/2022

21744 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، تا ئێستا بڕیاری راگرتنی دەوامیان نەداوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ کەشناسیدا بڕیاری گونجار دەدەن.


هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی سبەینێ دەوام رابگیرێت و چاوەڕێی کەشناسی دەکەین، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بێت کە دەوام راگرتن بیخوازێت ئەوا دەوام رادەگرین."

ماوەی چەند رۆژێکە، شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین رووی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم کردووە و بەفر سەنتەری شارەکانیشی گرتووەتەوە، بەهۆیەوە دوو رۆژە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین دەوام راگیراوە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەشی سلێمانی بۆ غاز لە ١٣ بەشەوە کراوە بە ١٥ بەش و کێشەکە چارەسەرکراوە و رێگەمان نەداوە نرخەکە بەرزببێتەوە و سزای هەر کەسێکیش دەدەین کە قۆرغکاری بکات."

تا دێت قەیرانی غاز لە هەرێم فراوانتر دەبێت و کۆمپانیای دانا غازیش لە چەند رۆژی رابردوودا وتی، بەرهەمهێنانیان بە رێژەی ٥٠٪ زیادیکردووە، لەوبارەیەوە سروە عەبدولواحیدیش داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکەی کرد.

سەرباری بەرزبوونەوەى رێژەى بەرهەمهێنانى غاز، قەیرانى غازیش لە هەرێم دەستیپێکردووە بەشیوەیەک هاوڵاتیان بە زەحمەت بوتڵێک غازیان دەستدەکەوێت.













گەلەری