سەردێڕ:

ژمارەی قوربانییەکانی رووداوی هاتوچۆکەی دوکان بەرزبووەوە

PM:09:43:17/01/2022

26952 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری سەنتەری فریاگوزاری سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ژمارەی قوربانییەکانی رووداوی هاتوچۆکەی دوکان بەرزبووەوە بۆ پێنج گیان لەدەستدان و دوو بریندار.


سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری فریاگوزاری سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەو رووداوی هاتوچۆیەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە رێگای دوکاندا روویدا، ژمارەی گیانلەدەستدانەکان بەرزبووەوە بۆ پێنج کەس و دوو منداڵیش بریندارن.

ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە چەند ناوچەیەکی هەرێم کردووە و لە سەنتەری شارەکانیشدا بەفر بە شێوەیەکی بەرچاو باریوە، لە ئێستاشدا بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە شەقامەکان بەستوویەتی و هاتوچۆ دەڵێت، ئەگەری روودانی رووداوی مەترسیدار زۆرە.

کەشناسی هۆشداریدا لە نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما و بەستنی رێگا و بانەکان و دروستبوونی شەختە لەسەر شەقامەکاندا. هاتوچۆش هۆشداری داوەتە هاوڵاتیان ئۆتۆمبێلەکانیان نەبەنە دەرەوە و شۆفێریکردن لەم دۆخەدا بە مەترسیدار ناودەبەن.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممەوە شەپۆلێکی بەفربارین هەرێم و بەشێکی سەنتەری شارەکانی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لە بەشێکی ناوچەکانی هەرێمدا ئەمڕۆ دەوامی فەرمی راگیرا و بڕیاریش دراوە، کە لە سبەینێ سێشەممەوە تاوەکو شەممەی داهاتوو؛ دەوامی فەرمی لە سەرجەم خوێندگە و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بە حکومی و ناحکومییەوە؛ راگیرا.

کەشناسی هەرێمیش پێشبینی دەکات، سبەینێ سێشەممە، پلەکانی گەرما نزمتر ببنەوە و لە هەندێک ناوچە دیاردەی بەستن و شەختە لە ناوکۆڵان و شەقامەکاندا رووبدات.













گەلەری