سەردێڕ:

زانیاری لەسەر موچە

PM:08:31:17/01/2022

133580 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی ٢٠ رۆژە حکومەتی هەرێم دەستی بە دابەشکردنی موچە کردووە و هێشتا چەندین شوێن موچەیان وەرنەگرتووە، سستی لە دابەشکردنی موچەش لەکاتێکدایە کۆی ئەو داهاتەی حکومەت لە فرۆشتنی نەوتەوە مانگانە دەستی دەکەوێت زیاتر لە ملیارێک دۆلارە.


هەرچەندە دەبوو رۆژی چوارشەممەی رابردوو، موچەی دەزگای گشتی ئاسایش دابەشبکرێت، بەڵام تا ئیستا موچەی هێزەکانی ئاسایشی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دابەشنەکراوە.

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەوان بڕیاری دابەشکردنی موچەی هەموو هێزەکانی ئاسایشیان داوە، بەڵام دابینکردنی پارەی پێویست بۆ هیزەکانی ئاسایش لە ئەستۆی داهاتی ناوخۆی ئەو سنورانەیە.

بەگوێرەی چاوگەکە، "پارتی بڕی خۆی دابینکردووە و موچەی هەموو هێزەکانی ئاسایش لە هەولێر و دهۆک دابەشکراوە، بەڵام سنوری سلێمانی و هەڵەبجە کێشەی گەڕانەوەی داهاتیان هەیە و تا ئێستا ئەو پارەیە نەگەڕاوەتەوە کە موچەی ئاسایش لەو پارەیە دابین دەکرێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی ھەرێم پێشتر بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ھەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشدەکات.

داھاتی نەوتی فرۆشراو بە بۆری زیاتر لە ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دینارە و کۆی داھاتی ناوخۆش زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە لەگەڵ ھاوکاری مانگانەی ھاوپەیمانان کە ٢٨ ملیار دینارە، بەڵام حکومەت بۆ دابەشکردنی موچە چاوی لە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدایە.

 

هێرش قادر، هەولێر













گەلەری