سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لە بارەی خەرجکردنی بڕە پارەی خوێندکارانی زانکۆوە

AM:11:08:17/01/2022

25156 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆتایی ئەم مانگەدا بڕە پارەی هاوکاری کردنی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان خەرج دەکرێت.


ئەمڕۆ دووشەممە، توانا نەجەف بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریداوە لە کۆتایی ئەم مانگەدا "مانگی کانونی دووەم" بڕە پارەی هاوکاری خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان خەرج بکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بڕەی دەرێتە خوێندکاران تا ئێستا دیاری نەکراوە.

وتیشی، مانگانە زیاتر لە شەش ملیار دینار دەدرێتە سەرجەم خوێندکارانی هەر چوار قۆناغی زانکۆ و هەردوو قۆناغی پەیمانگاکان.

باسی لەوەشکرد، پێدانی بڕە پارەکە تا کۆتایی خوێندنی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و دەدرێتە خوێندکاران.

لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی بەشەناوخۆییەکانەوە توانا نەجەف بەڕێوەبەری گشتی دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە یەک ملیار دینار بۆ هاوکاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی بەشەناوخۆییەکان تەرخان کراوە.

 

لەماوەی رابردوودا، بە ئامانجی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەشەناوخۆییەکانیان و دووبارە پێدانەوەی دەرماڵەکانیان، خوێندکارانی زانکۆکانی ھەرێم خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بۆماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو.

بەھۆکاری بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خوێندکاران و ھێزە ئەمنییەکان دروستبوو و ژمارەیەک خوێندکار و چالاکوان و رۆژنامەنوس دەستگیرکران.

لە کاتی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان چەند گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان بڵاوکرانەوە کە ھێزە ئەمنییەکان لە خوێندکارانی زانکۆدەدەن و ئەشکەنجەیان دەدەن، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری ھاوڵاتییانی بەدوای خۆیدا ھێنا.

ھەر بەھۆکاری بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران، ھێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانی چوونە ناو حەرەمی زانکۆوە و گازی فرمێسک رێژییان بۆ بڵاوەپێکردنی خوێندکاران بەکار ھێنا.

لە پارێزگای دھۆکیش، ھێزە ئەمنییەکان رێگەیاننەدا خوێندکاران خۆپیشاندان ئەنجامبدەن.

هەروەها، بەشێک لە زانکۆکانی هەرێم بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانی خوێندکاران دەوامیان راگرت و چەند رۆژێکییان کردە پشوو.

لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی ھەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی ١٠٠ ھەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی ھاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن. 

  
چۆمان مەحمود - هەولێر












گەلەری