سەردێڕ:

سەدرو عامری باسی چیانکرد؟ ئایا سەدر عامری لەمالکی جیادەکاتەوە؟

PM:12:55:16/01/2022

6388 جار خوێندراوەتەوە

سەرکردەیەکى چوارچێوەى هەماهەنگى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى شەوى رابردووى هادى عامرى و موقتەدا سەدرى لە حەنانە لەشارى نەجەف، ئاشکرا کرد.


وەعد قەدۆ، سەرکردە لە چوارچێوەى هەماهەنگى ئاماژەى بەوە کرد "ئامانجى کۆبوونەوەکەى هادى عامرى و موقتەدا سەدر بۆ هێمنکردنەوەى دۆخەکە و چارەسەرکردنى کێشەکان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن بوو لەنێوان چوارچێوەى هەماهەنگى و رەوتى سەدر لەبارەى پێکهێنانى فراکسیۆنە گەورەکە و خێراکردنى پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق".

قەدۆ رونیکردەوە، گفتوگۆ و دانوستاندنى نێوان عامرى و سەدر یارمەتیدەر دەبێت لە پێکهێنانى فراکسیۆنە گەورەکەى پەرلەمان و تواندنەوەى ئەو ساردییەى کە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا هەیە.

جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو گفتوگۆ و کۆبوونەوانە گرنگن بۆ هەنگاونان بە ئاراستەیەکى باش بۆ رزگارکردنى عێراق لەنانەوەى هەر دووبەرەکییەک لەنێوان پێکهاتەکانى شیعە کە هەندێک لایەن کار بۆ لێکترازانى دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، تایبەت بە ململانێ و دەنگەکانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، هێزە عێراقییەکان بەسەر چەند گروپێکدا دابەشبوون.

یەکەم: گروپی (سەدر، سوننە، پارتی) کە خاوەنی ١٨٠ پەرلەمانتارن، بەم جۆرە: کوتلەی سەدر ٧٣ کورسی.

-تەقەدووم (محەمد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات ٣٧ ) کورسی.

-پارتی دیموکراتی کوردستان ٣١ کورسی.

-سوننەکانی تر ٢٢ کورسی.

-پەرلەمانتاریی سەربەخۆی شیعە ١٧کورسی.

دووەم: گروپی (چوارچێوەی هەماهەنگی، یەکێتی) کە خاوەنی١٠٠ پەرلەمانتارن، ئەم گروپە نزیکەی ١٠٠ کورسی دەبن کە پێک دێن لە کوتلە شیعییەکانی نزیک لە ئێران، یەکێتی، چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ، ٤ پەرلەمانتاری کۆتای مەسیحی و چەند پەرلەمانتارێکی سوننە ( کە ١٤ کەسیان دەنگیاندا بە مەحمود مەشهەدانی).

سێیەم: گروپی(هاوپەیمانی لەپێناوخەڵک و سەربەخۆکان) کە خاوەنی ٣٤ پەرلەمانتارن، ئەم گروپە ٣٤ پەرلەمانتارن کە بۆ هەر دوو پۆستی جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەنگیاندا بە کاندیدانی هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک.

گروپی بێلایەنەکان (دەنگە بەتاڵەکان) ١٤ پەرلەمانتارن، ئەم گروپە زۆر دیارنین و زیاتر لە پەرلەمانتاری سەربەخۆ یاخود کەسایەتی ناو حزبەکانی ترن، کە لە دەنگدانەکاندا بێلایەن بوون و کارتی دەنگدانیان بە سپی یان بەتاڵ پێشکەشکردووە، یەک پەرلەمانتاریش ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو.













گەلەری