چین دەست دەکات بە جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ ئێراندا و بەهێزکردنی هاوکاری ئابوری و سیاسی نێوان هەردوو وڵات، هاوکات، پەکین بەردەوام رەخنەی توند لە سزاکانی واشنتن دژ بە تاران دەگرێت.
چین و ئێران پاش چەندین ساڵی وتووێژی نێوانیان لە ساڵی رابردوودا رێککەوتنێکیان مۆر کرد، کە بریتییە لە هاوبەشییەکی فراوان لە بابەتەکانی وزە، ئاسایش، ژێرخان و پەیوەندییەکاندا.
وەزارەتەی دەرەوەی
چین دەڵێت، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین و حسێن عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی
هەینی لە میانەی کۆبونەوەیەکیاندا لە چین دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەیان
راگەیاندووە.
چەند وردەکارییەکی
کەم لەبارەی ئەورێککەوتنە نهێنییە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام نیویۆرک تایمز لە ساڵی ٢٠٢٠
بە ئاماژەدان بە بەشێکی رێککەوتنەکە کە دزەی کردووە وتی، لەو رێککەوتنەدا هەناردەی
بەردەوامی نەوت بۆ چین مسۆگەر دەکرێت.
چین هاوبەشی سەرەکی
بازرگانی ئێرانە و یەکێک بوو لە گەورەترین کڕیارەکانی نەوتی ئەو وڵاتە پێش ئەوەی دۆناڵد
ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٨ لە رێککەوتنی ناوکی بکشێتەوە و سزاکان
بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە.
چین بە شێوەیەکی
فەرمی هاوردەی نەوتی لە ئێرانەوە راگرت، بەڵام چاودێران دەڵێن، نەوتی خاوی ئێران بەردەوام
دەڕوات بۆ ئەو وڵاتە بەڵام لە ژێر ناوی نەوتی وڵاتانی ترەوە.
وەزارەتی دەرەوەی
چین راشیگەیاندووە، وانگ یی بە هاوشانە ئێرانییەکەی وتووە چین بەردەوام دەبێت لە
"دژایەتی کردنی سزای نایاسایی یەک لایەنە بۆ سەر ئێران."
پەکین لەمێژە هەوڵی
پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاراندا دەدات، لە کاتێکدا سەرۆکی چین شی جینگپینگ
لە میانەی سەردانێکی دەگمەنیدا لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ تاران ئێرانی وەکو "هاوبەشی سەرەکی
چین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا" وەسفکرد.
کۆبوونەوەکەی وەزیرانی
دەرەوەی ئێران و چین لەکاتێکدایە، کە وتووێژەکانی ڤییەنا بە مەبەستی هەوڵدان بۆ رێگەگرتن
لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی بەردەوامە.
جۆ بایدن سەرۆکی
ئەمەریکا لەو کاتەوەی لە ساڵی رابردووەوە وەک سەرۆکی ئەمەریکا دەستبەکاربووە رایگەیاندووە،
ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە بۆ ناو رێککەوتنەکە، ئەوا ئەمەریکاش دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو ئەو
رێککەوتنە.
دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی
ئەمەریکا و ئێران بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لە چەند مانگی رابردوودا
تاکو ئێستا نەگەیشتووەتە ئەنجام.
ئەمەریکا بە شێوەیەکی
ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران دانوستان دەکات بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ناوکییەکە و لە
ئێستاشدا خولی هەشتەمی گفتوگۆکان بۆ ئەو مەبەستە لە ڤیەننا بەردەوامە.