سەردێڕ:

ئامانج لەهێرشەکانی سەر بەغدا چییە؟

PM:01:27:15/01/2022

4412 جار خوێندراوەتەوە

شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی بۆ خەڵکی پایتەختی عێراق بە شەوێکی دژوار هەژمارکرا دوائ ئەوەی هێرش کرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لەناوچەی سەوز و بارەگای سێ پارتی سیاسی لە درەنگانی شەودا کە چاودێرانی سیاسی وەک نامەی هەڕەشە دەیبینن لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە.


شەوی ١٣ لەسەر ١٤ی ئەم مانگە، بە موشەک هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و بەهۆیەوە ژنێک و منداڵێک بریندار بوون و باڵوێزخانەکەش لە راگەینەراوێکیدا ئاماژەی بەوەدا، لەلایەن سیستمی دژە موشەکی باڵیۆزخانەکەوە موشەکەکان تێکشکێنراون.

لەدرەنگانی هەمان شەودا لە نزیک کاتژمێر دووی شەو، بە بۆمبی دەستی هێرشکرایە سەر بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی تەقەدووم و هاوپەیمانی عەزم لەبەغدا.

بەگوێرەی وتەی چاودێرانی سیاسی ئەم هێرشانە لەدوای رێکەوتنی سەدر دێت لەگەڵ سونەکان و پارتی دیموکرات.

غازی فەیسەڵ، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکان دەبنە هۆی بەردەوامبوونی کلتوری توندوتیژی و نادەوڵەتی و تیرۆر و لەوانەیە عێراق بەرەو شەری ناوخۆیی ببات.

باسی لەوەشکردووە، ئەو جۆرە هێرشانە دەبنە هۆکار بۆ زیادبوونی هەژاری و ناخۆشیی بۆ گەلی عێراق، ئەوەش هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی مافیاییەکانەوە و ئەو سیاسەتەی کە چەکێکە رێز لە یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان ناگرێت و بەدوای دەستکەوتی سیاسییەوەیە لەسەر حسابی دۆخی عێراق.

وتیشی، "پێویستە رووبەڕووی هەموو ئەو پێشێلکاریانە بینەوە و هەڵوێستەی جدی هەبێت و بزانرێت کە ئەو موشەکانەی دەندرێن بە باڵوێزخانەی ئەمریکاوە هەڕەشە لە ئاسایشی کۆمەڵگەی عێراق دەکەن".

جەختیشی کردەوە، "نەخشەی نوێی سیاسی لە وڵاتدا بەرەو ئاشتی مەدەنی و دەستەبەرکردنی گەشەپێدان و روبەڕوبوونەوەی کێشەکانی هەژاری و نەخوێندەواری و بێکاری و توندوتیژی و تیرۆر دەڕوات، بەڵام ئەو هێزانە هەن کە بانگەشەی بەرگری کردن دەکەن لە ژێر ئەنجامدانی تیرۆر و کوشتندا."

ئەمەش لەکاتێکدایە، عێراق لەسەروبەندی دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵاتە و ئامادەکاری دەکات بۆ ورەکارییەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق و دەستپێکردنی کارەکانی خولی پەرلەمانیی پێنجەم.













گەلەری