وەزیری دەرەوەی روسیا دەڵێت، گفتوگۆکان لەسەر ئۆکرانیا گەیشتوونەتە کۆتاییەکی داخراو و پۆڵەنداش هۆشداری دەدات لە مەترسی هەڵگیرسانى جەنگ.
سێرگی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئامادەی هەموو سیناریۆیەکن لە قەیرانەکەیان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوادا و پێشنیازەکانیان سەبارەت بە قەیرانەکە داوەتە ناتۆ، بەڵام تاوەکو کۆتایی چاوەڕێی وەڵامی ناتۆ ناکەن.
هاوکات، ئەلیکساندەر لوکاشێڤیچ باڵیۆزی روسیا بۆ هاوپەیمانێتی
ناتۆ دوای کۆبوونەوەکەی روسیا لەگەڵ رێکخراوی ئاسایش و هاریکاری ئەوروپادا وتی،
"قۆناغەی ئێستا بە راستی نائومێدییە."
لای خۆشییەوە، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا دەڵێت، ئەوروپا لە
مەترسی جەنگدایە لەکاتێکدا روسیا دەڵێت، پێی وانییە درێژکردنەوەی گفتوگۆکان سوودی
هەبێت و شارەزایانی سەربازیی روسیا بژاردەکان دەخەنە بەردەم پوتین لەکاتێکدا ئەگەر
گرژییەکان لەسەر ئۆکرانیا چارەسەر نەکرێن.
روسیا هەوڵدەدات هاوپەیمانێتی ناتۆ رازی بکات رێگە نەدەن
ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا و ناتۆ فراوانبوونی بەرەو رۆژهەڵاتی ئەوروپا رابگرێت
و دەڵێت، فراوانبوونی ناتۆ بەرەو سنوورەکانی هەڕەشەی بۆ سەر وڵاتەکە دروستکردووە.
ئەمەریکا ئەم داواکارییانەی روسیای رەتکردووەتەوە بەڵام
دەڵێت، ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی چەک و موشەک و
گرتنەبەری کۆمەڵێک رێوشوێنی متمانەپێکراو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە پەیوەندییەکانی
نێوان روسیا و رۆژئاوادا.