سەردێڕ:

روونکردنەوە لەبارەی موچەی بەشێکی موچەخۆرانەوە دەدرێت

PM:03:30:14/01/2022

222456 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە رۆژ چوارشەممەدا موچەی دەزگای ئاسایشی گشتی دابەشکراوە، بەڵام ئەوانەی دەکەونە سنوری پارێزگای سلێمانی موچەیان وەرنەگرتووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پارە دابین نەکراوە.


چاوگێک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەوانەی دەکەونە سنوری پاریزگای سلێمانی و یان سنوری یەکێتی تا ئێستا موچەیان وەرنەگرتووە.

باسی لەوەشکرد، هۆکارەکەی دابیننەکردنی پارە بووە لەلایەن بانکەکانی سلێمانییەوە، چونکە زۆربەی پارەی دابینکراو بۆ موچەی هیزەکانی ئاسایش لە بودجەی پاریزگای سلێمانی تەرخان دەکرێت، و لە رۆژی چوارشەممەدا تەرخان نەکراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیاربوو رۆژی چوارشەممە دەزگای ئاسایشی هەرێم موچە وەربرگن.

لە ٢ی ئەم مانگەوە حکومەتی هەرێم دەستی بە دابەشکردنی موچە کردووە و رۆژانە موچەی یەک یان دوو وەزارەت و شوێن دەدات، یانیش هی یەک شوێن بە تەواوی نادات.

سەرەڕای ئەوەی دابەشکردنی موچە لە رۆژی ٢ی مانگەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی لیستێکی تەواوەتی بۆ موچە بڵاونەکردووەتەوە و دابەشکردنی موچە بە خاوی بەڕێوەدەچێت. جگە لەوەی ئەو موچەیەی دابەشدەکرێت؛ موچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردووە.

لە پێشتردا، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا، وەزارەتی دارایی هەرێم سێ جار گۆڕانکاری لە لیستی موچەی پێنجشەممەی پێشوودا کرد و هەر جارە و ناوی چەند وەزارەتێک دەبات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم پێشتر بانگەشەی ئەوەی کرد، کە هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشدەکات.

داھاتی نەوتی فرۆشراو بە بۆری زیاتر لە ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دینارە و کۆی داھاتی ناوخۆش زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە لەگەڵ ھاوکاری مانگانەی ھاوپەیمانان کە ٢٨ ملیار دینارە، بەڵام حکومەت بۆ دابەشکردنی موچە چاوی لە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدایە.

هێرش قادر، هەولێر

هـ.ئـ













گەلەری