سەردێڕ:

توێژینەوەیەکی بەریتانی هەواڵی دڵخۆشکەر لەبارەی کۆرۆناوە بڵاودەکاتەوە

AM:11:45:14/01/2022

16068 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی توێژینەوەیەک کە لە بەریتانیا ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە پاش ماوەیەک لە تێکەڵبوونی لەگەڵ ھەوادا، ڤایرۆسی کۆرۆنا رێژەیەکی زۆر له‌ توانای گواستنەوەی لەدەست دەدات.


بەپێی ھەواڵێکی بلومبێرگ، توێژینەوەیەکی زانستی لە سەنتەری توێژینەوەی ئیرۆسۆل لە زانکۆی بریستۆڵ، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە پاش ٢٠ خولەک لە تێکەڵبوونی ڤایرۆسەکە لەگەڵ ھەوادا، ٪٩٠ی توانای گواستنەوەی لە دەستدەدات و زۆرینەی ئەو لەدەستدانەش لە پێنج خولەکی یەکەم لە ھەناسەدان روودەدات.

توێژینەوەکە کە وێنای ھەڵسوکەوتی ڤایرۆسەکەی لە دوای ھەناسەدان کردووە، ئەوەی بەدەست ھێناوە کە توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە مەودای درێژ کەمتر بووە.

بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەکە جۆناسان رەید، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ئاماژەی بەوە کردووە ڤایرۆسەکە لە مەودای درێژدا ئاستی گواستنەوەی کەمتر بووە چونکە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات توانای گواستنەوە لە دەستدەدات.

ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخستووە ڤایرۆسەکە دوای جێھێشتنی ژینگەی شێداری پڕ لە دووانه‌ ئۆکسیدی کاربۆن لەناو سییەکان، بەخێرایی وشک دەبێتەوە و توانای تووشکردنی کەسانی دیکەی کەم دەبێتەوە.

ئەوەش راگەیەندراوه‌، رێژەی شێ لە ھەوادا پرسێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ خێرا لەکارخستنی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە.

ھاوشێوەی ھەوای وشک لە ناو نووسینگەکان لە ئاستی شێی ٪٥٠ کەمتر، ڤایرۆسەکە لە ماوەی پێنج چرکەدا مەترسییەکانی گواستنەوەی لەدەستدەدات. ھاوکات ڤایرۆسەکە لەو شوێنانەی کە رێژەی شێ تێیدا دەگاتە سەدا ٩٠ وەکو گەرماوەکان، ئەوە بە شێوەیەکی خاوتر توانای گواستنەوەی لەدەست دەدات.

توێژینەوەکە، گەیشتە ئەو ئەنجامەش کە پلەی گەرمیی ھەوا ھیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر گواستنەوەی ڤایرۆسەکە.

توێژینەوەکە کە ھێشتا نەخراوەتە پرۆسەی ھەڵسەنگاندنی زانستییەوە، گرنگیی دووره‌پەرێزیی کۆمەڵایەتی و بەکارھێنانی دەمامکی بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆی کۆرۆنا خستووەتەڕوو چونکە ڤایرۆسەکە لە مەودای نزیکەوە دەگوازرێتەوە.













گەلەری