دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، لە میانی مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، ٩٨ فەرمانی دەستگیرکردن و بانگھێشتکردن بەتۆمەتی گەندەڵی بۆ ٨٥ بەرپرسی باڵا دەرکراوە.
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکانی سەر بە دەستەی دەستپاکی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لایەنی دادوەریی لە میانی مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، ٢١ فەرمانی دەستگیرکردن و ٧٧ فەرمانی بانگھێشتکردنی بۆ ٨٥ بەرپرسی باڵای ئێستا و پێشوو دەرکردووە.
راشیگەیاندووە، ئەوەش پشت بەستن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی
بەڕێوەبەرایەتی و نوسینگەکانی دەستەی دەستپاکی لە بەغدا و پارێزگاکان کە لەبارەی چەند
دۆسیەکی گەندەڵییەوە ئەنجامیان داوە.
لە راگەیەنراوەکەدا دەشڵێت، ئەو فەرمانانە بۆ وەزیرێکی ئێستا
و سێ وەزیری پێشووتر و بریکارێکی پێشووتر و نۆ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەرکراون.
باس لەوەشکردووە، ئەو فەرمانانە دوو پارێزگاری ئێستا و ھەشت
پارێزگاری پێشوو و پێنج پارێزگاری پێشووتر و ٢١ بەڕێوەبەری گشتی ئێستا و ١٥ بەڕێوەبەری
گشتی پێشوو و حەوت بەڕێوەبەری گشتی پێشووتر و ١٢ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەگرێتەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا، ناوی ئەو کەسانەی کە فەرمانی دەستگیردن
و بانگھێشتکردنیان بۆ دەرکراوە لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەیان کراوە ئاشکرا نەکراوە.