سەردێڕ:

پسپۆڕێکی یاسایی چۆنیەتی خانەنشینبوونی پەرلەمانتارانی عێراق رووندەکاتەوە

PM:12:27:12/01/2022

5304 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی دیاری یاسایی عێراقی رایگەیاند، تەنھا چوار ساڵ خزمەتی پەرلەمانی بەس نیە و پەرلەمانتاریش وەک فەرمانبەری ئاسایی بەپێی مەرجی خزمەت و تەمەن خانەنشین دەکرێت.


تاریق حەرب پسپۆڕی دیاری یاسایی عێراقی بە ماڵپەڕی"کوردنیوز"ی راگەیاند، "پەرلەمانتارانیش ھەروەکو فەرمانبەرانی ئاسایی دەوڵەت بەپێی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی خانەنشین دەکرێن".
ئاماژەی بەوەشدا، "چوار ساڵ جارێک ناوی لیستی پەرلەمانتارانی خولەکە  لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بەمەرسومێک رەوانەی وەزارەتی دارایی و دواتریش بۆ دەزگای خانەنشینی دەکرێت، بەڵام مەرج نیە ھەموویان خانەنشین بکرێن".
ئەوەشی خستەڕوو، تەنانەت فەرمانبەرێکی ئاسایش کە مامەڵەی خانەنشینی دەکات دەبێت خزمەتەکەی لە ١٥ ساڵ و تەمەنیشی لە ٤٥ ساڵ کەمتر نەبێت بەپێی یاسایی خانەنشینی یەکگرتوو کە ئێستا لەعێراقدا بەرکارە.
لەبارەی خزمەتی پەرلەمانیەوە، تاریق حەرب باسی لەوەشکرد، خزمەتی پەرلەمانی پەرلەمانتار لەناو ئەو دەزگایە لەیەکەم دانیشتنی خولەکەوە دەستپێدەکات تا ئەوکاتەی ناوەکانیان رەوانەی خانەنشینی دەکرێن، بەڵام دەبێت بەھەمان شێوەی فەرمانبەری ئاسایی خزمەت و تەمەنی شیاوبێت بۆ خانەنشینی بە پێچەوانەوە خانەنشین ناکرێت و تەنھا چوار ساڵ بەس نیە بۆ خانەنشین بوون.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، دوای رەوانە کردنی مەرسومی کۆماری مەبەستی راییکردنی مامەڵەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی خولی چوارەم،  لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە خوێندنەوەی جیاواز بۆ مەرسومەکە کرا بەوەی ھەموو پەرلەمانتارێک خانەنشین دەکرێن و رەچاوی تەمەن و خزمەت ناکرێت.












گەلەری