ھەندێک لە سەرچاوە زانستی و میدیا جیھانییەکان ئاماژەیان بەوەدا کە بەم زووانە بژاردەی ژیانکردن لەسەر مەریخ بۆ ھەر کەسێک بەردەست دەبێت کە توانای کارکردنی ھەبێت تیایدا، بەو پێیەی پلانی شارستانی یەکەم شاری سەر ھەسارەی مەریخیان خستەڕوو لەگەڵ شێوازی ژیانکردن تیایدا و میکانیزمی گەشت و جێبەجێکردنی.
ئیلیۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی کۆمپانیای "SpaceX" رایگەیاند، پلاندادەڕێژێت بۆ بنیاتنانی شارێکی تەواو لەسەر رووی مەریخ، کە کەسی ئاسایی بتوانێت تیایدا نیشتەجێ بێت، نەک تەنھا زانا و لێکۆڵەر و کەسانی دیاریکراو.
ھەروەک دەڵێت، "چەندین جار سەردانی ئەو شارەی کردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە جێگەی نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەبێتەوە تیایدا نیشتەجێ بن.
کۆمپانیاکە بە قەرز تێچووی گەشتکردن بۆ شارەکە لەخۆدەگرێت بۆ ئەو کەسانەی ئارەزوومەندی نیشتەجێبوونن تیایدا ناتوانن خەرجییەکە دابینبکەن، پاشان لە دوای گەشتنیان دەتوانن بە کارکردن تیایدا، قەرزەکە بدەنەوە.
مەسک پێداویستییەکانی بنیاتنانی ئەو شارە بە یەک ملیۆن تەن مەزەندە دەکات و ئەوەش دەخاتەروو کە تێچووی بنیاتنانەکەی دەگاتە نزیکەی ١٠ ترلیۆن دۆلار.
زاناکان گرنگی ژیانکردن لەسەر مەریخ دەخەنەڕوو و دەڵێن، "کۆتایی زەوی مسۆگەرە، ئەوەش بە مانای کۆتایی مرۆڤایەتی دێت"، لەلایەکی ترەوە پێیان وایە "ئەوە روونادات ئەگەر مرۆڤایەتی پەناگەیەکی تری نیشتەجێبوونیان ھەبێت جگە لە زەوی."
بە پێی ئاژانسی "inverse" پەیوەندیبەستنی ئۆنلاین و راستەوخۆ لە مەریخەوە بۆ زەوی مەحاڵ دەبێت، بەو پێیەی تەنھا ناردنی ئاماژەیەک بۆ مەریخ، ٢٠ خولەک دەخایەنێت.
مەسک باسی لە نرخی بلیتی گەشتەکە کرد و بە ٥٠٠ ھەزار دۆلار دیاریکرد لە سەرەتادا، ئاماژەی بەوەشکرد کە دەکرێت کەمبکرێتەوە بۆ ١٠٠ ھەزار دۆلار، ھەروەک سەرەتای ئەمساڵی ٢٠٢٢ی بە رێکەوتی دەستپێکی پرۆسەی بنیاتنانی شارەکەی دیاریکرد بە ناردنی دوو کەشتی ئاسمانی و پاشان لە ساڵی ٢٠٢٤دا چوار کەشتی تر دەنێرێت.
ھەروەک مەسک رایگەیاندووە، ساڵی ٢٠٥٠ رێکەوتی کۆتاییھاتنی بنیاتنانی شارەکە دەبێت، کە لەو کاتەدا تەمەنی دەگاتە ٧٩ ساڵ لە ئەگەری مانەوەی لە ژیاندا.