سەردێڕ:

کازمی: سڕینەوەی ناوی عێراق لە لیستی دەوڵەتانی مەترسیدار هەنگاوێکی گرنگی دیبلۆماسییە

PM:08:54:10/01/2022

5636 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا ناوی عێراقی لەناو لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەکان بۆ سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر دەرھێناوە، ئەمڕۆش مستەفا کازمی رایگەیاند، "بەردەوام دەبین بۆ گێرانەوەی عێراق و عێراقییەکان بۆ پێگەی شایستەی خۆیان."


سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەتویتێکدا رایگەیاند، بڕیاری یەكێتی ئەوروپا بۆ سڕینەوەی ناوی عێراق لە لیستی دەوڵەتانی مەترسیدار لە سپیكردنەوەی پارە و پشتیوانیكردنی تیرۆر، هەنگاوێكی گرنگی دیبلۆماسییەتی كارایە لە بەرژەوەندی نیشتمان.

هاوکات، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پێشوازیی لە بڕیارەکە دەکەن و باسی لەوەشکرد، لەم ساڵانەی دواییدا، حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێکەوە کاریان کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی باربووکردنی دارایی تیرۆر و تۆڕەکانی تاوان، لە نێویشیاندا ئەنجامدانی زیادکردنی ئاشکرا و ئاڵۆگۆڕ و کاروباری نایاسایی بە دراو.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت، "چاکسازیەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری دارایی گشتی و شێوازەکانی ئەنجامدانی گرێبەست و رێکارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی ڕوون و شەفاف کە لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیتەوە وردبینی بۆ دەکرێت، بوونەتە هۆی ئەوەی ئێمە بەهێزتر شەڕی گەندەڵی بکەین."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی باشتر، چاودێری داهاتەکانی دەکات لەرێگەی بەستنەوەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی بە سیستەمی بانکی جیهانی و ئێستاش لە رێگای برەودان بە هەماهەنگی دارایی و وەبەرهێنان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا، ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی بانکی ئاسانتر دەبێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا."

دەشڵێت، "من دڵنیام دەرهێنانی ناوی عێراق لە لیستی وڵاتە مەترسیدارەکان دەبێتە وەرچەرخانێک لە هەنگاونانی کوردستان بەرەو دواڕۆژێکی جیهانیی و ئاسوودە و ئارام بۆ خەڵکی کوردستان."

هاوکات، ئەحەمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد دەرچوونی عێراق لە لیستی وڵاتانی سپیکردنەوەی پارە و ھاوکاریکردنی گروپە چەکدارەکان لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر بووژانەوەی ئابوری دەبێت لە وڵاتدا و دەشڵێت، " ئەو کارە بە ھەوڵی سەفارەتی عێراق لە بڕۆکسل ئەنجامدراوە."

لە بەدواداچوونێکی سەنتەری نالیاشدا بۆ راوێژ و سیاسەتە گشتییەکان؛ ئەوە هاتووە، دەرچوونی ناوی عێراق لە لیستی وڵاتە مەترسیدارەکاندا کاریگەری دەبێت لەسەر بەرەوپێشچوونی سێکتەری بانکی عێراق بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پاککردنەوەی ناو و ناوبانگی عێراق لای وەبەر‌‌هێنەرە جیهانییەکان تا وەبەر‌ێنان بکەن تێیدا و کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی بانکە جیهانییەکان لقیان بکەنەوە لە عێراقدا.

باسی لەوەشکرد، ئەم هەنگاوە کاریگەری دەبێت لەسەر ئاسانکاری لە حەواڵەکردندا بەهۆی ئەوەی پێشتر چاودێرییەکی چڕی لەسەر بووە نەوەک ئەو بڕە پارانەی حەواڵە دەکرێن بۆ هاوکاریکردنی تیرۆر و گروپە چەکدارییەکان بەکار بهێندرێن، بەڵام بەم هەنگاوە کاری حەواڵە ئاسانتر دەبێت و کاتی کەمتری دەوێت و تێچووی حەواڵەکردنیش کەمتر دەبێتەوە بەهۆی ئەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ بانکە جیهانییەکان بە ئاسایی بەڕێوە دەچێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێی یەکشەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا، ناوی عێراقی لەناو لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەکان بۆ سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر دەرھێناوە.













گەلەری