سەردێڕ:

منداڵە ئەفغانییە ونبووەکە دۆزرایەوە و رادەستی خێزانەکەی کرایەوە

PM:12:15:10/01/2022

6272 جار خوێندراوەتەوە

خێزانێکی ئەفغانی لە دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ بە دیداری منداڵە شیرەخۆرەکەیان شاد بوونەوە، کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی منداڵەکە لەلایەن ئاژانسی "رۆیتەرز"ەوە، شوێنەکەی دیاریکراوە.


منداڵە شیرەخۆرە ئەفغانییەکەی کە لە کاتی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە خێزانەکەی جیابووەوە و دواتر بێسەرو شوێنبوو، شوێنی نیشتەجێبوونی ئاشکراکرا و دۆزرایەوە.

منداڵەکە ناوی "سوهەیل ئەحمەد"ە و لە ١٩ی مانگی ئابدا لەو کاتەی کە لە دایک و باوکی جیابووەوە، تەمەنی تەنها دوو مانگ بوو، لەو کاتەی کە هەزارەها کەس لە هەوڵدا بوون بۆ بەجێهێشتنی ئەفغانستان لە دوای دەستبەسەرداگرتنی وڵاتەکە لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە.

شوێنی منداڵەکە بەهۆی ئەو وێنەیەوە دەستنیشانکرا کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزەوە بڵاوکرایەوە و دەرکەوت لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستانە و لەلایەن شۆفێرێکی تاکسییەوە دۆزراوەتەوە و بردوویەتیە ماڵەوە بە مەبەستی بەخێوکردنی، لە دوای ئەوەی باوکی رادەستی سەربازێکی ئەمریکی دەکات لە ڕێگەی پەرژینی فرۆکەخانەی کابوڵ، لە سەروبەندی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان.

پاش دۆزینەوەی شوێنەکەی و دەستبەسەرکردنی شۆفێرەکە، منداڵەکە گەڕێنرایەوە بۆ باپیر و نەنکی، کە نیشتەجێی کابوڵن و دەیانەوێت نەوەکەیان بگەیەننە دەست دایک و باوکی، کە لە کاتی ونبوونی منداڵەکەیان، وڵاتیان بەجێهێشتووە و لە ئێستادا لە ئەمریکا دەژین.

لە چوارچێوەی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، دایک و باوکی منداڵەکە کە ناویان "سورەیا" و "عەلی میرزا ئەحمەدی"ە و پاسەوانی ئاسایشی باڵوێزخانەی ئەمریکا بووە و بە وتەی خۆیان "ترسیان هەبووە لەوەی منداڵەکەیان بکەوێتە ژێر پێ و بمرێت لەو قەرەباڵغییەی ئەو کاتەی فرۆکەخانەکەدا، هەروەها لەبەرئەوەی هەستیان بە نائومێدی کردووە بۆیە بڕیاریانداوە منداڵەکەیان رادەستی سەربازە ئەمریکییەکان بکەن، هیواخواز بووە بتوانێت وەریگرێتەوە پاش ئەوەی لە دەرگاکەوە دەچێتەوە دەرەوە، بەڵام نیو کاتژمێری خایاندووە تاوەکو لەگەڵ چوار منداڵەکەی تریاندا گەشتوونەتە ئەودیوی پەرژینەکە و منداڵەکەیان نەبینیوەتەوە.

ئەحمەدی دەڵێت، "زۆر بۆ سوهەیل گەڕام لە فرۆکەخانەکەدا، بەڵام نەمدۆزیەوە و پێم وترا کە رەنگە رەوانەی دەرەوەی وڵات کرابێت لە رێگەی گەشتێكی ئاسمانییەوە."

دواتریش خێزانەکە بەرەو ئەمریکا هەڵهاتوون و لە ویلایەتی تەکساسدا نیشتەجێبوون، پاش تێپەڕبوونی چەندین مانگ سۆراخی منداڵەکەیان نەزانیوە.

ئەم دۆخە تیشک دەخاتە سەر نەهامەتی چەندین خێزان کە منداڵەکانیان لێ ونبووە یان جیابوونەتەوە لێیان لەو کاتەی هێزەکانی ئەمریکا پاش ٢٠ ساڵ لە مانەوەیان لە ئەفغانستان، بڕیاریاندا بکشێنەوە.

هەر لەو رۆژەی منداڵەکە لە دایک و باوکی جیابووەتەوە، شۆفێری تاکسییەک لە پاش ئەوەی خێزانی براکەی دەگەیەنێتە فڕۆکەخانەکە، "سوهەیل" دەبینێت بە تەنهایە و دەگری، بە وتەی شۆفێری تەکسییەکە، "پاش ئەوەی گەراوە بۆ دایک و باوکی منداڵەکە و نەیتوانیوە بیاندۆزێتەوە، بۆیە بڕیار دەدات بیباتەوە ماڵەوە و بەخێوی بکات."

دواتر، شۆفێری تەکسییەکە ناوی منداڵەکە دەگۆڕێت بۆ "موحەمەد" و دەیکاتە ئەندامێکی نوێی خێزانەکەی، پاش ئەوەی وێنەی منداڵەکە دەگرێت لەگەڵ منداڵەکانی خۆیدا و بڵاوی دەکاتەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک"، لە دوای ئەوەش ئاژانسی "رۆیتەرز" وێنەیەکی منداڵەکە بڵاودەکەنەوە، دراوسێکانی شۆفێرەکە دەیناسنەوە و لایەنە پەیوەدیدارەکان ئاگادار دەکەنەوە.

لەبەرامبەر گەڕاندنەوەی منداڵەکەیان، خێزانی "سوهەیل"بریاریانداوە نزیکەی هەزار دۆلاربدەن بە شۆفێرەکە وەک پاداشتێک لە بەخێوکردنی منداڵەکەیاندا بە درێژایی پێنج مانگ، لە ئێستاشدا ئەحمەدی و خێزانەکەی هیواخوازن بە زووترین کات بە منداڵەکەیان بگەنەوە.













گەلەری