سەردێڕ:

لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا چەند کاندیدی سەرکەوتوو دەستیانلەکارکێشایەوە؟

PM:04:45:09/01/2022

3984 جار خوێندراوەتەوە

هەریەک لە ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە، عەلی فەرحان پارێزگاری ئەنبار، عادل رکابی وەزیری کارو عەمار جەبر پارێزگاری سەڵاحەدین بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆیان نەکردو پێدەچێت، پارێزگاری کەرکوکیش ئەگەر لەپۆستەکەیدا بمێنێتەوە ئەوا دەستلەکاردەکێشایەوە.


بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی دیوانی پارێزگای بەسرە، ئەسعەد عیدانی بە نووسراوێک، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاراستەی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە.

 تیایدا ھاتووە "لەبەر خواستی جەماوەری پارێزگای بەسرە بەئامانجی بەردەوامبوونم لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی پارێزگاکە، دوای پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و بەپێی مەرسوومی کۆماری ژمارە ٦٦ کە تیایدا داوای لە ئەندامانی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە کە رۆژی نۆی ئەم مانگە لە یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی نوێنەران ئامادەبن، ئەوا دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە ئەندامێتی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێشکەش دەکەم".

ئەسعەد عیدانی لە ھەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر ھاوپەیمانی تەسمیم لە بازنەی یەکی پارێزگای بەسرە خۆی کاندید کردبوو و سەرکەوتنی بەدەست هێنا.

هاوکات بە گوێرەی نامەیەکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کە ئاراستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردووە، "ئەحمەد حەمید ئەلعەلوانی" دەچێتە جێگەی "عەلی فەرحان" پارێزگاری ئەنبار بەهۆی مانەوەی عەلی فەرحان لەپۆستەکەیدا.

هاوکات چاوگێکی ئاگادار بەئێن ئاڕتی ووت، لەحاڵەتی ئەنجامنەدانی گۆڕانکاریی لەپۆستی پارێزگای کەرکوکدا، راکان جبوری بۆ جاری دووەم دەست لەئەندامێتی پەرلەمان هەڵدەگرێت ساڵی ٢٠١٨ بەهۆی مانەوەی لەپۆستی پارێزگاردا دەستیلەکارکێشابویەوە.

هەریەک عادل رکابی وەزیری کارو عەمار جەبر پارێزگاری سەڵاحەدین ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون پێدەچێت ئەوانیش دەستبەرداری پۆستەکانیان ببن.    

ئەمەیش لە کاتێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە، نۆی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.













گەلەری