سەردێڕ:

وردەکاریی نوێ لەبارەی کاندیدی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق

PM:12:43:09/01/2022

9964 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و پێکهاتەکانی عێراق لە دوایین گفتوگۆکاندان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستە باڵاکان و دانیشتنەکە بۆ کاتژمێر سێ دواخرا.


شەوی رابردوو، هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم بڕیاریاندا کە محەمەد حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کاندید بکەن، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانی عەزم رەتیانکردووەتەوە بە بڕیارەکەوە پابەندبن و دەیانەوێت مەحمود مەشهەدانی بۆ پۆستەکە کاندیدبکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئێستادا محەمەد حەلبوسی و مەحمود مەشهەدانی لە کۆبوونەوەدان و سونەکان دەیانەوێت تەنیا بە یەک کاندیدەوە بچنە هۆڵی پەرلەمانەوە.

رەوتی سەدر لەبارەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە بڕیاریداوە و حاکم زاملی سەرکردە لە رەوتی سەدر کاندید دەبێت بۆ ئەو پۆستە، دەوڵەتی یاساش کاندیدێکی بۆ هەمان پۆست دەبێت. 

لەبارەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە پشکی کوردە، هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و چەند کاندیدێک بوونیان هەیە، پارتی شاخەوان عەبدوڵای وەک کاندیدی خۆی دەستنیشانکردووە و موسەنا ئەمینیش خۆی بۆ هەمان پۆست کاندیدکردووە و سروە عەبدولواحیدیش وەکو کاندیدی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵکدا خۆی کاندید دەکات. 

بەپێی چاوگێکی ئاگادار کورد و سوننە پشتگیری لەکاندیدکردنی محەممەد حەلبوسی دەکەن و چوارچێوەی هەماهەنگیش پشتیوانی مەحمود مەشهەدانی دەکات.

تا ئێستا رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک و محەمەد سەهیود سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا دەڵێت، چەند سیناریۆیەک لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتدا هەیە.

سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا وتیشی، ئەگەر رەوتی سەدر وەکو گەورەترین فراکسیۆن دەستنیشان بکرێت دەستبەجێ سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی دەستنیشان بکرێت و پاش ئەوەش سەرۆک کۆمار دەستنیشان دەکرێت، لە حاڵەتی پێچەوانەدا دانیشتنەکە درێژ دەکرێتەوە.

تا ئێستا بەهێزترین کاندیدی شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمییە، ئەگەر سەدرییەکان نەیانتوانی زۆرینەی پەرلەمانی دروستبکەن چوارچێوەی هەماهەنگی چەند کەسێکی دیکە بۆ پۆستەکە کاندید دەکات.

پارتی و یەکێتیی تاوەکو لەسەر ناوێک بۆ وەرگرتنی سەرۆک کۆمار رێکنەکەوتون، بەپێی وتەی چاوگێک پارتی کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ خولی دووەمی بە تەواوی رەتدەکاتەوە و لە ئێستادا ناوی عیماد ئەحمەد وەکو کاندیدی جێگرەوە دێت، لە حاڵەتی رێکنەکەوتنیشدا پارتی هۆشیار زێباری وەک کاندیدی حزبەکەی کاندید دەکات.

لەوبارەیەوە، دیلان غەفور پەرلەمانتارى یەکێتیی بۆ خولى پێنجەمى پەرلەمانى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقییەى راگەیاند، "لەگەڵ ئەوەى بە شاندێکى هاوبەش لەگەڵ پارتى سەردانى بەغدامان کردووە، بەڵام هێشتا بەرکەوتەکانى یەکێتیی یەکلایى نەکراونەتەوە."

باسی لەوەشکردووە، یەکێتیی پێداگرە لەسەر وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆک کۆمار و چەند ناوێک بۆ وەرگرتنى پۆستەکە لەئارادایە و هێشتا هیچ کەسێک بۆ وەرگرتنى پۆستەکە یەکلانەکراوەتەوە.

ململانێکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکان لە بەغدا بەردەوامی هەیە و گەیشتووەتە لوتکە و هەر حزبە و دەیەوێت پشکی خۆی لە کێکی دەسەڵات ببات و بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتییش خۆیان گەیاندووەتە بەغدا تاوەکو پشکی خۆیان وەربگرن.

هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی ٥٠+١ی پەرلەمانتارانە، دواتر دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و پاشان سەرۆک کۆمار کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرێت، گەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و لە ماوەی یاساییدا، رێککەوتن لەسەر سەرۆک کۆمار و سەرۆک حکومەت نەکرێت گرفتی یاسایی دروست دەبێت، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان.













گەلەری